شارپرێس:
ڕۆژنامەیەکی بەریتانی پێشبینیدەکات، بەهۆی نزیکبونەوەی لەڕوسیا، ڕۆژئاوا سزای ئابوریی بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.
ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، پێشبینیدەکرێت بەهۆی نزیکبونەوەی تورکیا لەڕوسیا کە بەهۆی داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیاوە گەمارۆی خراوەتەسەر، وڵاتە ڕۆژئاواییەکان کاردانەوەی توند بەرامبەر بەئەنکەرە پیشانبدەنو سزای ئابوریی بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنن.
لەڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە بەریتانییەکەدا هاتووە، "لەدیدارەکەی ئەمدواییەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاو ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆکی ڕوسیا لەسوچی، ڕێککەوتن لەسەرئەوەکراوە کە تورکیا پارەی کڕینی غازی ڕوسیا بەدراوی ڕۆبڵی ڕوسیی بدات، تەنانەت باس لەوەدەکرێت کە ئەردۆغان پێشنیازی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی بەڕوسیا کردووە.
دوای کۆبونەوەکەی پۆتنو ئەردۆغان، چەند بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی بەڕۆژنامەکەیان وتووە، "بەهۆی توندوتۆڵبونی پەیوەندییەکانی تورکیاو ڕوسیا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لەپایتەختی وڵاتە ڕۆژئاواییەکانەوە بۆ ئەنکەرە لێدراوەو مەزەندە دەکرێت لەقۆناغی داهاتوودا ئەو وڵاتانە سزای ئابوریی بەسەر تورکیادا بسەپێنن".
هەروەک بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوایی بەفاینانشاڵ تایمزی وتووە، "ئەگەربێتو ئەردۆغان پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت کە لەکۆبوونەوەکەی سوچی بەپۆتینیداوە، ئەوە ڕەنگە داوابکرێت کۆمپانیاو بانکە ڕۆژئاواییەکان لەتورکیا بکشێنەوە".
پێشتر ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا، دوای کۆبوونەوەی ئەردۆغانو پوتن لەسوچی، ئاشکرایکرد، دابینکردنی غاز لەگەڵ تورکیا تاووتوێکراوە، هەروەها بڕیاردراوە لەقۆناغی یەکەمدا پارەی کڕینی غازەکە بەڕۆبڵی ڕوسیا بدرێت.
باسی لەوەشکردووە، تورکیا بەشداریی لەسەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا نەکردووە وەکو گەشتیارو وەبەرهێنەریش پێشوازیی لەڕوسەکان کردووە.
لەیەکەم کاردانەوەی ڕۆژئاواش بۆ ڕێککەوتنی نێوان تورکیاو ڕوسیا سەبارەت بەهاوکاری ئابووریو پێدانی پارەی فرۆشتنی غاز بەدراوی ڕوسی کە ڕۆبڵە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوایکرد، تورکیا نەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ سەروەتو سامانی نایاسایی ڕوسیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەوردی چاودێریی زانیارییەکان دەکەن بۆئەوەی بزانن کە ئایا تورکیا دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پارەی نایاسایی ڕوسیی، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیان بەدەستنەگەیشتووە.