چوارچێوەی هەماهەنگی کاتى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق دیاری دەکات

عیراق

12/08/2022‌ 1926 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چوارچێوەی هەماهەنگی لەکاتى دیاریکردنى کاتى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق نزیکدەبێتەوەو حەلبوسی و پارتیش هەوڵ دەدەن شکست بە کۆبونەوەکە بهێنن.

میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەیەکى چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویانکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کاتی دانیشتنى پەرلەمانی دیاریکردوە کە ناوەڕۆاستى هەفتەى داهاتوو دەبێت، بەڵام ئەوە یەکلایی نەکراوەتەوەو هێشتا لە گفتوگۆدایە بۆ بڕیاری کۆتایی.

هەروەها بەوتەى سەرچاوەکە، گوێ نادرێتە خۆپیشاندانەکان و دەبێت حکومەت ئاسایش و ئارامى کۆبوونەوەکە دەستەبەر بکات و کۆبوونەوەکەش لە باڵەخانەى پەرلەمان و لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بە ئەگەری لایەنگرانى هێرشی سەدر بۆ سەر پەرلەمان ئەو سەرچاوەیە جەختیکردوەتەوە ئەگەر حکومەت توانای پاراستنى پەرلەمانى نەبێت ئەوا بێگومان چوارچێوەی هەماهەنگی بەو کارە هەڵدەستێت.

لەلایەکى دیکەوە عەدنان فەیحان سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای کردوە، کە زۆرینەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەن هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەى پەرلەمان بکرێت.

ناوبراو ئاشکرای کردوە کە ئامانجى کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ دەنگدانە بە کاندیدی چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران.

هەر لەسە ر کۆبونەوەى پەرلەمان میدیا عێراقییەکان ئەوەشیان بڵاوکردوەتەوە کە هەریەکە لە محەمەد حەلبوسی و شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکى پەرلەمان لە پشکى پارتى کار بۆ ئەوە دەکەن شکست بەو کۆبوونەوەیە بهێنن.

س.هـ