ناوه‌ڕۆكى په‌یامێكى به‌په‌له‌ى ئێران بۆ سه‌در ئاشكراده‌كرێت

عیراق

07/09/2022‌ 7803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى ورده‌كاریی په‌یامێكى ئێران بۆ موقته‌دا سه‌در ئاشكراده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی ئایەتوڵڵا کازم ئەلحائیری کە وەک باوکی ڕۆحی ئەو وابوە، کەوتۆتە دۆخێکی سەختەوە، ده‌شڵێت:"سەدرییەکان ئێستا وەکو دوژمن سەیری ئێران دەکەن".


ڕۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی لەراِپۆرتێکدا کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستووە، باسی لەوەکردوە، "موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەدوای دەستلەکارکێشانەوەکەی حائیری چیتر ئەو چەترەی نەما کە پارێزگاریی لێدەکرد، هەربۆیە ناچاربون خۆیان بۆ بژاردەی تر ئامادەبکەن، بەتایبەت کە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف لەبەرامبەر دۆخەکەدا بەتەواوەتیی بێدەنگیی هەڵبژاردوە".

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو قەیرانە بێدەنگەی لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە لەنێوان مەرجەعیەتی نەجەف‌و قومدا هەبوە جارێکی تر بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی حائیرییەوە سەریهەڵداوەتەوە.

باسی لەوەشکردوە، ڕادەی فراوانی ناکۆکییەکان بەندە بەوەی تاچەند سەدرییەکان دەتوانن پارێزگاریی لەسەربەخۆیی مەرجەعییەتەکەیان بکەن‌و بەرەنگاری لکاندنیان بەمەرجەعیەتی ئێرانەوە ببنەوە.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا ڕۆژنامه‌كه‌ نوسیویه‌تى:"ئەوەش پەیوەستە بەئاراستەی گۆڕانکارییە سیاسیی‌و ئەمنییەکانی عێراقەوە، ئایا ئێران توانای ئەوەی هەیە جڵەوی ئەو گۆڕانکارییە سیاسیی‌و ئەمنیی‌و مەرجەعییانەی عێراق بگرێت‌و لەبەرژەوەندیی خۆی ئاراستەیان بکات؟".

ڕۆژنامە لەندەنییەکە دەڵێت:"ئێران گوشار لەسەدر دەکات بۆئەوەی لەفەرمانڕەویی عێراقدا بەردەوام پابەندی یەکێتیی ناوماڵی شیعە بێت، هەروەک هۆشدارییشی داوەتێ بەوەی نابێت خەون‌و پلانەکانی لەدەرەوەی ئەو بازنەیەدابێت کە تاران بۆی کێشاوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێت لەبابەتی پێکهێنانی حکومەتدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوپەیمانیی بکات".

چاودێران دەڵێن:"حائیری کە چەندین دەیەیە لەئێران دەژی بەخواستی خۆی دەستی لەکارنەکێشاوتەوە، بەڵکو لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە ناچارکراوە بۆئەوەی چەتری مەرجەعییەت لەسەدرو لایەنگرانی لابەرن، بەتایبەت کە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بۆ ناچارکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان‌و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ، دەستیاندایە مانگرتن‌و خۆپیشاندان".