لەسەر ئاستی جیهان تووشبوونی گەنجان بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیادیکردووە

جیهان

18/09/2022‌ 415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەوەی ئاشکراکردووە کە لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا تووشبوونی کەسانی خوار تەمەنی 50 ساڵی بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیادیکردووە، بەتایبەت لەدوای ساڵی 1990 وە ئەو زیادبوونە زۆر خێراتر بووە.

 بۆ شیکردنەوەی ئەم دیاردەیە، تیمی توێژینەوەی نەخۆشخانەی بریگهام لە بۆستنی ئەمەریکا دەڵێت: شتێک هەیە پێیدەوترێت کاریگەریی نەوەی لەدایکبوو، ئەمەش مانای وایە هەموو گرووپێکی خەڵک کە یەک لەدوای یەک لەدایک دەبن، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەیان زیاتر دەبێت.

لەوبارەیەوە پڕۆفیسۆر شۆگی ئۆگینۆ سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە وتویەتی: بۆمان دەرکەوتووە کە نەوە دوای نەوە مەترسییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەبێت، پێشبینیش دەکرێت بۆ نەوەکانی داهاتووش ئەو بەرزبوونەوەیە بەردەوام بێت.

تیمی لێکۆڵینەوەکە تێبینی کردووە کە دیاردەکە نزیکەی بەسەر هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەدا جێبەجێ دەبێت، لەناویاندا شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن، سورێنچک، گورچیلە، جگەر و پەنکریاس.

ئەوەش هاتووە: تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە کە ستایلی ژیانی خەڵک لەچەند دەیەی رابردوودا لەڕووی سیستەمی خۆراکیی تاک، کێش، بەرکەوتن بە کاریگەرییە ژینگەییەکان، مایکرۆبایۆمی ریخۆڵەکان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە.

بەوجۆرە، فاکتەرەکانی وەک سیستەمی خۆراکی رۆژئاوایی و ستایلی ژیانی مۆدێرن رۆلێکی گەورەیان هەبووە لە زوو دەرکەوتنی نەخۆشیی شێرپەنجە، بەتایبەت کە 8 جۆر لە 14 جۆری شێرپەنجە کە لێکۆڵینەوەکە پشکنینی بۆ کردوون، دەرکەوتووە پەیوەندییان بە کۆئەندام هەرسەوە هەیە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی