لەبارەى ئایفۆنی 14وە هۆشداری دەدرێتە بەکارهێنەران

کوردستان

20/09/2022‌ 627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای کەوتنەبازاڕی جۆرە نوێکەی مۆبایلی زیرەکی ئایفۆن کە بە ئایفۆنی 14 ناسراوەو فرۆشتنی ژمارەیەکی زۆر لە مۆبایلەکە، بریکاری سەرەکی کۆمپانیای ئەپڵ لە عێراق لە ڕونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات هێشتا بە فەرمی بەرهەمی ئایفۆنە نوێکە نەهاتۆتە هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەوەی ئێستا لە بازارەکان هەیە بە شێوەی بازرگانیی لە وڵاتی دوبەی کڕدراوەو بە قازانجێکی زۆر لێرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە ڕونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ شارپرێس نێردراوە کۆمپانیای ئای سەنتەر کە بریکاری فەرمی کۆمپانیای ئەپڵە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە کە "ساڵانە بەردەست بوونی بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ لە وڵاتە جیاوازەکان لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵ دیاری دەکرێت و لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە ئاگاداری کریارەکانی دەکاتەوە. کۆمپانیای ئەپڵ بەردەست بوونی بەرهەمەکانی لە وڵاتە جیاوازەکان بە سێ قۆناغی جیاواز دەیخاتە بەردەست کڕیارەکان بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە، کە عێراق لە قۆناغی سێیەمدایەو هێشتا بە فەرمی هیچ بەرهەمێکی ئایفۆنە نوێکە نەهاتۆتە عێراقیەوە ".

سەبارەت بە فرۆشتنی ئایفۆن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان عامر ئەحمەد بەرپرسی پێسەنگای ئای سەنتەر بریکاری کۆمپانیای ئەپڵ بە شارپرێسی ڕاگەیاند ئەو بەرهەمەی ئێستا لە بازاڕەکاندایە لە وڵاتی دوبەی بە شێوەی بازرگانی کڕدراوەو هیچی لە ڕێگەی بریکاری فەرمیەوە نەهاتۆتە هەرێم و کۆمپانیای ئەپڵیش وەک بەرهەمی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ ناکات و لە کاتی بونی هەر گرفتێکدا کڕیار مافی هیچ چاککردنەوە گۆڕینێکی نابێت، لەبەر ئەوەی تەنها بەرهەمی فرۆشراوی لای بریکارەکان گەرەنتی لەگەڵە نەک ئەو بەرهەمەی ئێستا لە بازاڕەکاندایە، بۆیە دەبێت کڕیاران ئاگاداری ئەو خاڵەبن.

لەبارەی نرخی ئایفۆنی ١٤ لە بازارەکانی هەرێمدا بەراورد بە بازاڕی وڵاتانی تر عامر ئەحمەد وتی" ئەو بەرهەمە لەبەر ئەوەی بە شێوەی بازرگانی کڕدراوە نرخێکی زیاتری لەسەر دانراوە و قازانجێکی زیاتری لەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا بە هەموو ئەگەرێک لەکاتی گەشتنی بەرهەمەکەدا بۆ بریکارەکان نرخەکەی لە نیوان ٨٤٩ بۆ ١٤٤٩ دۆلاردا دەبێت بە پێی تایبەتمەندی و جۆری مۆبایلە نوێکەی کۆمپانیای ئەپڵ، کە ئەم نرخەش جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو نرخەی ئێستا مامەڵەی پێوە دەکرێت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان".