دواجار زانایان ژمارەی سەرجەم مێرولەکانی جیهانیان دەستکەوت

هەمەڕەنگ

22/09/2022‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکرد، لانیکەم نزیکەی 20 ملیۆن ملیار مێرولە لەسەر هەسارەی زەویی بونیان هەیە کە تێکڕای کێشەکەشیان دەگاتە 12 ملیۆن تۆن.


زانایان دەڵێن، زانینی ژمارەی ئەو مێرولانه‌ى لەجیهاندا دەژین بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی هەر گۆڕانکارییەک لەشوێنی نیشتەجێبونیان ڕودەدات گرنگە، لەوانەش گۆڕانی کەشوهەوا.

پسپۆڕان دەڵێن، مێرولە لەهەر شوێنێک بێت ڕۆڵێکی گرنگی تیدا دەگێڕێت، بەوپێیەی لەلایەکەوە وەک ئامرازێکە بۆ بڵاوکردنەوەی تۆوی ڕوەکەکان، جگەلەوەی وەکو خانەخوێیە بۆ هەندێک زیندەوەران، هەروەکو ڕاوچی یان نێچیرێک وان بۆ ئاژەڵ‌و مێروه‌كانى تر.

لەتوێژینەوە نوێیەکەدا كه‌ لەگۆڤاریProceedings of the National Academy of Sciences بڵاوکراوەتەوە، توێژەران ئەنجامی465 توێژینەوەیان شیکردۆتەوە کە ژمارەی مێرولەکانیان لەناوچەیەکی دیاریکراوو لەسەر زەوی دەستنیشانکردوە.

ئەم توێژینەوانە دوو تەکنیکى ستانداردیان بۆ کارەکانیان بەکارهێناوە، یەکەمیان دانانی تەڵە کە مێرولە تێپەڕەکان لەماوەی دیاریکراودا دەگرن، دوەمیشیان شیکردنەوەی ژمارەی ئەو مێرولانەی لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی گەڵاکان لەسەر زەوی ئامادەن.

بەمشێوەیە کۆی بایۆماسی (کێش) مێرولە لەسەر زەوی بە12 ملیۆن تۆن مەزەندەکراوە کە ئەمەش زیاترە لەبایۆماسی باڵندەو شیردەرەکانی وشکانیی بەیەکەوەو لەسەدا 20ی بایۆماسی مرۆڤ پێکدەهێنێت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە