شارپرێس:
دوای ڕاپۆرتێکی شارپرێس لەسەر مەترسیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى "کواشێ" له‌سنورى پارێزگاى دهۆك، فەرمانگەی ژینگەی دھۆک ڕونکردنەوەک بڵاودەکاتەوەو ڕه‌تیده‌كاته‌وه، ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن ناساوه خرابێته هێڵى سورى ژیانكردنه‌وه، سەرۆکی ڕێکخراوێکی ئەوروپیش هاته‌ده‌نگ‌و بەدواداچونەکانی شارپرێس پشتڕاستدەکاتەوە.
دوای بەدواداچونێکی شارپرێس و دیدارێک لەگەڵ خەلیل مەحمود قائیمقامی قەزای سێمێل لەسەر پیسبونی ژینگەی سێمێل بەھۆی پاشماوەی ژەھراوی پاڵاوگەکانی کۆمەڵگه‌ی پیشەسازیی کواشێ، ئەمڕۆ فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای دھۆک ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ئاماژەى به‌وه‌دا، "ڕاستە ژینگەی ئەو ناوچەیە بەھۆی کواشێ پیسبوە، بەڵام نەخشەكه‌ى ناسا بۆ ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و بەدواداچونەکانمان‌و کارکردن لەسەر داخستی پاڵاوگەکان بەردەوامن".
پێشتر شارپرێس دیدارێكى له‌گه‌ڵ خەلیل مەحمود قائیمقامی قەزای سێمێل ئه‌نجامدا كه كۆمه‌ڵگه‌ى پیشه‌سازیی كواشێ ده‌كه‌وێته سنورى ده‌سه‌ڵاتى ئیداریی ئه‌وه‌وه، له‌و دیداره‌دا باسى له‌وه‌كرد، چەند ساڵێکە دانیشتوانی پارێزگای دھۆک‌و بەتایبەت دەوروبەری (کواشێ) ناڕەزایی زۆریان بەرامبەر به‌کۆمەڵگه‌ی پیشەسازیی کواشێ هه‌یه‌و داوای داخستن یاخود گواستنەوەی بۆ شوێنێكى دیكه ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌شى وت:"ڕۆژی 25ی مانگی ئابی ساڵی 2021 بەبڕیاری لیژنەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، 50 پاڵاوگەی کواشێ داخران‌و کارکردن لێیان قەدەغەکرا، بەڵام بەشێکیان بەشەوو بەدزی‌و به‌قاچاغ کاریاندەکرد".
ئه‌مڕۆ له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى دهۆك ڕایگه‌یاند، "ڕاپۆرت‌و لێکۆڵینەوەی ئاژانسی ناسا هی پێش چەند ساڵێکە کە مێژوه‌كه‌ى بۆ ساڵى 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه کە لەسەرتاسەری جیهان ئەنجامدرابوو".
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ڕه‌تیكردۆته‌وه نه‌خشه‌كه نوێ بێت، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى دهۆك جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه كردۆته‌وه، كه له‌نه‌خشه‌كه‌ى ناسادا ڕێژەی غازى NO2ى دیاریکراوه لەناو هەوادا کە ڕێژەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ مرۆڤ‌و ژینگەو لەو شوێنانە دەردەکەوێت کە تایبەتن بەکارگەی پیشەسازی "المناگق الصناعیه" بەتایبەت کاتێک کارگەكان بەپێی ڕێنماییەکانی ژینگە کارناکەن کە لەهەموو جیهاندا هەیە".
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتوه، "ڕۆژى 25ى 8ى 2022 بەگوێره‌ى فەرمانی د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بڕیاری داخستن‌و ڕاوەستاندنی کاری پاڵاوگەکان دراوه‌و هەندێک پاڵاوگە غەرامەکراون‌و ڕه‌وانه‌ى دادگا كراون‌و تائێستاش بڕیار‌و بەدواداچون بەردەوامە لەدەڤەری کواشێ‌و تایبەتیش لەسەر پاڵاوگەکان".
دوای وروژاندنی بابەتی کواشێ‌و مەترسیەکانی کاردانەوەی خەڵکی‌و وه‌ڵامه‌كه‌ى ژینگه‌ى دهۆك، ڕێکخراوی سه‌وزی ئەوروپی کوردستانی کە بارەگا سەرەکیەکەی لەشاری ئۆسلۆی نەرویجە هاته‌ده‌نگ‌و ھۆشداریدەدات، کە ئەگەر پاڵاوگەکان نەوەستێندرێن، کارەساتی ژینگەیی‌و تەندروستی ڕودەدات.
د.ھەندرێن ئامێدی سەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی کوردستانی (E.K.G.O) له‌لێدوانێكدا بۆ شارپرێس ته‌واوى زانیارییه‌كانى ناو ڕاپۆرته‌كه‌ى شارپرێسى پشتڕاستكرده‌وه‌و ڕایگەیاند، "تەواوی بەدواداچونەکەی دەزگای میدیایی شارپرێس پشتڕاستدەکەینەوەو ڕونکردنەوەی دەستەی ژینگەی دھۆک‌و ئاماژەکردن بەڕێککەوتی ڕاپۆرتی ناسا بیانویەکی نابەجێیە، چونکە ئەو نەخشەیەی ژینگەیی "ناسا" نەگۆڕەو ھەر وەک خۆی ماوە".
د.ھەندرێن ئامێدی سەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی کوردستانی (E.K.G.O)
ده‌شڵێت:"بەھۆی ئەوەی کارکردن لەکۆمەڵگه‌ی پیشەسازی کواشێ بەردەوامەو ڕێژەی ئۆکسجین بەڕێژەیەکی مەترسیدار کەمبۆتەوە بەھۆی زیادبونی ڕێژەی گازی (NO2) لەو ناوچەیەو تەنانەت مەترسیەکەی بۆ سەر تەواوی دانیشتوانی قەزای سێمێل کە ژمارەیان 400 ھەزار کەسەو ده‌كه‌وێته بەشی ڕۆژئاوای شاری دھۆکه‌وه تادێت زیاد ده‌كات".
د.هه‌ندرێن ده‌شڵێت:"تائێستا ھیچ یەکێک لەپاڵاوگەکانی کواشێ (وحده المعالجه)یان دانەناوە، له‌كاتێكدا به‌گوێره‌ى ستاندارە ژینگەییەکان بەردەوامبونی ئەو پاڵاوگانە لەنزیک یەکەی نیشتەجێبون کارەساتی گەورە دروستدەکات‌و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی کار لەسەر وەستاندیان بکات، ئەگەرنا کارەساتی ژینگەیی‌و تەندروستی ڕودەدات".
بڕیارى داخستنی پاڵاوگەکانی کواشێ‌و ڕونکردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی دھۆک لەکاتێکدایە کە بەشێک لەپاڵاوگەکان بەپشتیوانی بەرپرسانی باڵا‌و زۆر ده‌ستڕۆیشتوى پارتی بەردەوامن لەکارکردن.
ش.هـ