شارپرێس:
قائیمقامی قەزای سێمێل لەدیدارێکدا له‌گه‌ڵ شارپرێس چه‌ند پرسێكى گرنگ له‌باره‌ى كاركردنى پاڵاوگه نایاساییه‌كان له‌سنوره‌كه‌یدا ده‌وروژێنێت‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "15 پاڵاوگەی کۆمەڵگەی کواشێ بەهۆی کارکردن بەقاچاغ‌و پابەندنەبوونیان بەیاساوە دراون بەدادگا".
له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ شارپرێس، خەلیل مەحمود قائیمقامی قەزای سێمێل باس له‌وه‌ده‌كات، چەند ساڵێکە دانیشتوانی پارێزگای دھۆک‌و بەتایبەت دەوروبەری (کواشێ) ناڕەزایی زۆریان بەرامبەر به‌کۆمەڵگه‌ی پیشەسازیی کواشێ هه‌یه‌و داوای داخستن یاخود گواستنەوەی بۆ شوێنێكى دیكه ده‌كه‌ن.
ئاشكراشیده‌كات، ساڵی 2021 بەبڕیاری لیژنەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، 50 پاڵاوگە داخران‌و کارکردن لێیان قەدەغەکرا، بەڵام بەشێکیان بەشەوو بەدزی‌و قاچاغ کاریانكردوه‌و به‌رده‌وامبون له‌كاركردن.
شارپرێس: ئایا کۆمەڵگه‌ی پیشەسازی کواشێ یاسایی‌و ڕێگەپێدراوە یاخود کارکردن تێیدا قەدەغەکراوە؟
خەلیل مەحمود: ئەو ناوچەیە سەدان کارگەى لێیە بۆ ئەمەش یەکەیەکی ئیداریی تایبەت لەسەر ئاستی حکومەتی خۆجێیى‌و دەڤەری سێمێل پێکھێنراوە، بەڵام کێشە زیاتر لەبۆنی پاڵاوگەکاندا ھەیە کە ژمارەیان 50 پاڵاوگەیە.
شارپرێس: بەپێى پێوەرە ستانداردەکانی ژینگەیی‌و تەندروستی، کۆمەڵگه‌ی پیشەسازی کواشێ مەترسی بۆسەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەی دروستکردوە، ئێوە چ ڕێکارێکتان گرتوتەبەر؟
خەلیل مەحمود: ڕاستە گلەیی‌و ناڕه‌زاییه‌كى زۆرى خەڵکی ناوچەکە هه‌یه بەرامبەر به‌کۆمەڵگه پیشه‌سازیه‌كه، ئه‌ویش بەھۆی پاشماوەو پابەندنەبون بەڕێنمایی‌و دروستبونى کاریگەری خراپ لەسەر ژینگەو مەترسی تەندروستی بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە.
له‌و ڕوه‌وه ڕۆژی 25ی مانگی ئابی ساڵی 2021 بەبڕیاری لیژنەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 50 پاڵاوگەی کواشێ داخران‌و کارکردن لێیان قەدەغەکرا، بەڵام بەشێکیان بەشەوو بەدزی‌و به‌قاچاغ کاریاندەکرد.
شارپرێس: سه‌ربارى ئه‌وه‌ى مۆڵەتی کارکردن بەو پاڵاوگانە نەدراوە، بەڵام وه‌كو باسى ده‌كه‌یت، بەشێکیان شەوانەو بەشێوەی نایاسایی کاریانکردوە، ئه‌ى ئێوه چ ڕێکارێکتان گرتۆته‌به‌ر؟
خەلیل مەحمود: 15 پاڵاوگەیان بەهۆی کارکردن بەقاچاغ‌و پابەندنەبونیان بەیاساوە دراون بەدادگاو هەرکەسێکیش پابەندی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نەبێت، ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.
شارپرێس: كه‌واته چارەنوسی ئەو پاڵاوگانه چی به‌سه‌ردێت؟
خەلیل مەحمود: بۆ ئەم مەبەستە دوو لیژنە پێکھێنراون، یەکێکیان لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمەو دوەمیشیان لەئاستی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای دھۆکە کە بەڕێوه‌بەرایەتی نەوت‌و کانزا‌کان، دەستەی ژینگە، شارەوانی‌و پۆلیسی تێدایەو چەند مەرجێک بۆ کردنەوەی پاڵاوگەکان دانراون، مەرجەکانیش بۆ نەھێشتنی مەترسی سەر ژینگەو زەوی کشتوکاڵین، ئەویش پێویستە چاره‌سه‌رى پاشماوە خراپەکانیان بكه‌ن.
شارپرێس: ئایا ھیچ پاڵاوگەیەک مەرج‌و رێنماییەکان جێبەجێدەکات؟
خەلیل مەحمود: ئێستا تەنها 12 پاڵاوگە ڕێنماییەکان جێبەجێدەکەن‌و کاردەکەن، پێشتر کێشەی گرانی نرخ لاى ئەو کۆمپانیانە ھەبوو کە (وحده المعالجه)یان بۆ پاڵاوگەکانیان ھەبوو واته چاره‌سه‌رى پاشماوه خراپه‌كانیان ده‌كرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ کۆمپانیەکی تورکی ڕێککەوتون دوای ئەوەی زەوی (مساگحه) یان پێدەدرێت، کارکردنیشیان بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت، چونکە لەپارێزگای دھۆک کێشەی کەمی سوتەمەنى بۆ مۆلیدەکان دروستدەبێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م پاڵاوگانه كارنه‌كه‌ن.