بانكى ناوه‌ندى له‌سلێمانى لەبارەی پارەی پرۆژەکانەوە وەڵامى بەڵێندەران دەداتەوە

کوردستان

05/10/2022‌ 7718 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى به‌ڵێنده‌رانى سنوره‌كه‌ ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەڕێوەبەری بانکی هەرێم له‌سلێمانى پێڕاگه‌یاندن هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌به‌ڵێنده‌ران بۆ پڕۆژه‌كانیان نادرێت".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى سەرجەم بەڵێندەران‌و کومپانیاکان له‌سنوره‌كه‌ى ده‌كات‌و ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌نده‌رى هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له‌سنورى زۆنى سه‌وز نه‌كڕن‌و هیچ پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجامنه‌ده‌ن.

له‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كدا هاتوه‌، "دوابەدوای چەندین نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی هەرێم لەسەر کێشەی بەڵێندەران‌و کارکردن بەچەکی موسه‌ده‌ق‌و خەرجنەکردنی ته‌مویلی ئەو پڕۆژانەی کە نوسراوی خەرجکردنی پاره‌یان هەیە، ئه‌مڕۆ لەبەردەم بانکی ناوەندی گردبونه‌وه‌یه‌كمان ڕێکخست‌و دواتر چاومان بەبەڕێوەبەری بانکی هەرێم کەوت".

له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌یان‌و وه‌ڵامى به‌ڕێوه‌به‌رى بانكى ناوه‌ندى ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "پێیڕاگەیاندین سیولە لەبانکەکاندا کەمەو ناتوانێت تا پارەی موچە دابین نەکات، هیچ بڕە پارەیەک بۆ پڕۆژەکان خەرجناکات".

هه‌ر له‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ بۆ كۆمپانیاكان‌و به‌ڵێنده‌ران ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، "به‌ڕێوه‌به‌رى بانكى ناوه‌ندى له‌سلێمانى پێیڕاگەیاندین کە پارەتان بۆ خەرجناکرێت، بۆ تەندەر دەکڕن‌و گرێبەستی وەرگرتنی پڕۆژە دەکەن".

له‌و ڕوه‌وه‌ بەڵێندەران‌و ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، "بەمشێوەیە کار گەیشتبێتە ئەوەی کە به‌ڵێنده‌ران‌و كۆمپانیاكان گرێبەستی تازەیان کردوەو پارەشتان بۆ خەرجناکرێت، ئیتر یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی سلێمانی پەرپرس نییە لەهیچ کێشەیەکی خەرجکردنی پارەی پڕۆژەی تازە بەدواداچوونی بۆ بکات، چونکە بەهەموو شێوەیەک بەئاشکرا دەڵێن پارە نییە تا بۆتان خەرجبکرێت ئیتر نازانین بەڵێندەر بۆ بەشداریی کڕینی تەندەر دەکات".

جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، "هەرکەس بەشداریی وەرگرتنی تەندەردەکات‌و کاردەکات، خۆی بەرپرسیارە، ئێمە هیچ داکۆکی ناکەین لەبەڵێندەرێک کە پڕۆژە وەربگرێت‌و دواتر بێت بڵێ پارەم بۆ خەرجناکەن".

ش.هـ