پارتی گێمێکی نوێی یاریی دەستپێکردو یەکێتیش بێدەنگه‌

ڕاپۆرت

09/10/2022‌ 4588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرێکوێرەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار جارێکی تر دەبێتەوە بابەتی گەرمی گفتوگۆکان، پارتی دەستی بەگێمێکی نوێی یارییەکە کردوەو دیارنییە تا کوێ ململانێکان درێژە پێدەدات، یەکێتی بەبێدەنگی خەریکی هەنگاوەکانێتی‌و پێداگرە لەسەر مانەوەی پۆستەکە لای حزبەکەی.


لەدیداری کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دوێنێ لەشاری هەولێرو بەئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانی باڵای حزبی‌و حکومی بەڕێوەچوو، جیاواز لەبابەت‌و تەوەرە سەرەکیەکانی دیدارەکە، بەرپرسانی پارتی لەسەر ئاستی باڵا پرسێکی جیاوازو تاڕادەیەک چاوەڕواننەکراویان وروژاند کە بوە هۆی کاردانەوەی هەم ئامادەبوانی دیدارەکەو هەم چاودێران‌و میدیاو سۆشیاڵ میدیاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد.

پرسێک لەماوەی یەک ساڵی تەواوو ململانێ‌و دەستبادانێکی توندی هێناوەتە نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان‌و عێراقەوەو تائێستاش نەتوانراوە یەکلایی بکرێتەوە.

لەماوەی یەک ساڵی ڕابردودا پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەریەکەیان پۆستی سەرۆکایەتی کۆماریان بەمافی حزبەکەیان زانیوەو بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکەش هەرچییان پێکرابێت کردویانە تائاستی چونە نێو ڕێکەوتن‌و هاوەپەیمانییەکەوە کە ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ بڕوای بەمافەکانی گەلی کوردیش نەبوە، ئه‌وه‌شى كراوه‌ تەنها لەپێناو دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

هیچکام لەو دوو حزبە نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجامێک‌و بەڕێککەوتن یان بەهەڵبژاردن پۆستەکە ببەنەوەو کۆتایی بەو چیرۆکە بهێنن کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی ماندوو شەکەت کردوە بەهۆی ئەو ململانێیەوە تا دەگاتە ئاستی سزادانی شارە جیاوازەکانیش دەستیان نەپاراستوەو سزای ئابوری‌و داراییان خستۆتەسەر بەشێک لەهەرێمی کوردستان.

لەماوەی ئەمساڵەدا پارتی دووجار توشی شکستی گەورە بوەتەوە لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوەو هۆشیار زێباری کاندیدی حزبەکە کە خاڵی خودی بارزانی‌و کاندیدی شەخسی خۆشی بوو لەهەڵبژاردنەکە دورخرایەوەو مافی کاندیدبونی لێسەنرایەوە.

زیاتر لەدوو مانگە گفتوگۆو کۆبونەوەی چەندجارەی بارزانی‌و تاڵەبانی تاڕادەیەکی زۆر ململانێکانی کپکردبۆوەو زانیاریەکان باسیان لەوەدەکرد، هەردولا ڕێککەوتون‌و بڕیاریانداوە بەکاندیدێکی هاوبەشەوە بچنە بەغداو پێکەوە پشتیوانی یەکێک لەکاندیدانی سەرۆکایەتی کۆمار بکەن‌و بۆ ئەو بابەتەش لەگفتوگۆدان بۆ گەیشتن بەئەنجامێک‌و دواتر ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی پێکەوە چونیان بۆ بەغدا.

لەگەرمەی ئەم چاوەڕوانیانەداو لەپڕدا زانیاری ئەوە بڵاوبۆوە کە بارزانی بەشاندێکی هێزە عێراقیەکانی وتوە ئەگەر هەموو وەزارەتەکانیش بداتە یەکێتی ئامادەنییە سەرۆک کۆمار بۆ پارتی نەبێت‌و بەهەر نرخێک بێت مەبەستێتی پارتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری بەدەستەوەبێت بۆ خولی داهاتوو.

شارپرێس سێ ڕۆژ پێش ئێستا لەسەرچاوەیەکی باڵای ئاگادارەوە زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئاستی باڵا نیگەرانی خۆیان گەیاندۆتە پارتی‌و یەکێتی‌و داوایان لێکردون بەزویی ڕێکبکەون لەسەریەک کاندید‌و لەدانیشتنی پەرلەماندا کە داوایانکردوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت ناوی کاندیدێکی هاوبەش پێسکەشبکەن، بەپێچەوانەوە ئەوان چاوەڕێی پارتی‌و یەکێتی ناکەن‌و با کاندیدەکانیان ببەنە هۆڵی پەرلەمان‌و لەوێ بەهەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە.

مەسرور بارزانی‌و ڕێبەر ئەحمەد لەدیداری کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردنی گێمێکی نوێی یاریەکەیان ڕاگەیاندو پێداگربون لەسەرئەوەی کە پارتی مەبەستێتی بەهەر نرخێک بێت پۆستەکە بەدەستبهێنێت بەجۆرێک کە داوایانکرد لەپەرلەمانی کوردستانەوە کاندیدی پۆستەکە دیاریبکرێت، بەوپێیەی ئەوە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە شایستەو پشکەکانی کورد دیاریبکات‌و پەرلەرمانی کوردستانیش نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

مەسرور بارزانی بەڕونی ئەوەی نەشاردەوە کە پارتی مەبەستێتی لەپەرلەمانەوە کە خۆی زۆرینەیەو دەنگی پێکهاتەکانیشی مسۆگەرە بابەتەکە یەکلایی بکاتەوەو ململانێکە لەنێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە نەک ئەوەی بچێتە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش ترسی ئەو حزبە دەردەخات لەکۆکردنەوەی دەنگی زۆرینە بۆ کاندیدەکەیان لەپەرلەمانی عێراق، بۆیە مەبەستێتی زۆرینەی پەرلەمانی کوردستان بۆ پاراستنی داواکانی بەکاربهێنێت.

هەر دوای مەسرور بارزانی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە کاندیدی حزبەکەیەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هاتەسەر ستەیج‌و وەک ڕیکلامێکی ڕون باسی پڕۆژەکانی خۆی کرد بۆ سەرۆکایەتی عێراق‌و بەچڕی باسی لەو هەنگاوانە کرد کە ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار ئەنجامیان دەدات.

ڕێبەر ئەحمەد سورتر لەمەسرور بارزانی پێداگری لەوەکرد کە بابەتی کاندیدی سەرۆک کۆمار لەپەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوەو وتی:"پارتی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانەو دەنگی زۆرینەی خەڵکی بەدەستهێناوە بۆیە دەبێت لەپەرلەمان‌و بەزۆرینەی ڕەها کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاریبکرێت".

پێداگریی پارتی لەسەر ئەو ئاستە باڵایە دەرخەری ئەوەیە هەموو ئەو هەنگاوو کۆبونەوەو دانیشتنانەی دوو مانگی ڕابردوی بارزانی‌و تاڵەبانی بێئەنجامبون‌و هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوانیاندا نەهاتۆتە بەرهەم‌و هەردولا سورن لەسەر دەرچواندنی کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئەگەرچی تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە یەکێتی لەسەر ئاستی باڵاو بەشێوەی فەرمی لەبارەی ئەو هەڵوێستە نوێیەی پارتیەوە هیچی نەوتوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس، یەکێتی بەهیچ جۆرێک ڕازینابێت بەیارییەکی لەو شێوەیەو ناچێتە ململانێیەکەوە کە هەر لەسەرەتاوە دۆڕاندنی مسۆگەربێت، چونکە بەهەموو پێوەرێک پارتی براوەی بێ چەندو چونی پەرلەمانی کوردستانە، ئەگەر هەموو هێزەکانی تریش پشتیوانی یەکێتی بکەن، بۆیە یەکێتی پێداگرەو گەرەکیەتی یاریەکە لەپەرلەمانی عێراق یەکلایی بکاتەوە.

پێداگریی هەردوو حزب بەهەڵوێستەکانیانەوە ڕەنگە جارێکی تر ململانێکان توندبکاتەوەو هەنگاوەکانی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار چەقبەستوو بکاتەوەو لەم نێوەندەشدا هێزە عەرەبیەکان بەشیعەو سونەوە دیارنییە لەئەگەری ڕێککەوتنیان لەسەر کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو متمانەدان بەسەرۆک وەزیران هەڵوێستیان چی دەبێت، ئاخۆ لەپارتی‌و یەکێتی قبوڵدەکەن پرۆسەکە ڕابگرن یان لەژێر فشاردا جوڵەیەکی چاوەڕواننەکراویان پێدەکەن‌و هاوکێشەکان بەجۆرێکی تر دەبن.