ئه‌دهه‌م بارزانى: لەئایندەیەکی نزیکدا بۆتان دەردەکەوێت من پیاوی فێڵ‌و تەڵەکەنیم‌و خاوەنی پڕۆژەم

ڕاپۆرت

23/10/2022‌ 4438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەدهەم بارزانی، ئەو پیاوەی ڕۆژگارێک کەسی یەکەمی پارتی بوو لەسلیمانی، ئێستا بەهۆى ناکۆکیەکانی لەگەڵ پارتی‌و به‌تایبه‌ت مه‌سعود بارزانى ئامۆزاى، بارزانى جێهێشتوو بارەگا لەسلێمانی دەکاتەوە، تاڵه‌بانیش بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ پشتیوانى بۆ ڕاگه‌یاندوه‌و پێى وتوه‌، "سلێمانى ماڵى خۆته‌".


لەماوەی شەش مانگی ڕابردودا زۆرترین قسەو باس لەبارەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەدهەم بارزانی‌و مەسعود بارزانی ئامۆزای کراوە، بەجۆریک کە ناکۆکیەکان گەیشتنە ئەوەی ڕێگریی لەهاتنەوە بۆ هەرێمی کوردستان لەئەدهەم بارزانی بکرێت‌و دوای چەند مانگێک ڕاستەوخۆ لەئێرانەوە بچێتە بەغداو لەوێشەوە بۆ سلێمانی.

ماوەی هەفتەیەکە شێخ ئەدهەم شێخ عوسمان بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لەشاری سلێمانییەو ژمارەیەک دیداری لەگەڵ کەسایەتیە سیاسیەکان‌و ڕۆژنامەنوسان‌و ڕۆشنبیرانی شارەکە ئەنجامداوەو سەردانی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حزبی سنورەکەشی کردوە.

شارپرێس زانیویەتی، لەدیدارو گفتوگۆکانیدا لەگەڵ کەسایەتیە سیاسیەکان‌و ڕۆشنبیران‌و ڕۆژنامەنوسان، ئەدهەم بارزانی باسی ئەوەیکردوە، پڕۆژەیەکی بۆ داهاتوی کاری سیاسی هەیەو مەبەستیەتی جوڵەیەکی نوێی سیاسی لەگۆرەپانی هەرێمدا بێتە کایەوە کە کۆتایی بەو چەقبەستوییە بهێنێت‌و هیوایەک بداتەوە بەهاوڵاتیان لەکاتێکدا لەکۆتا هەڵبژاردندا بەشێکی زۆری هاوڵاتیان بایکۆتی سندوقەکانی دەنگدانیان کردبوو.

بازرانی لەبەشێکى دیدارەکانیدا بەڕونی ئاماژەی بەوەکردوە، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هۆکاری سەرەکی کۆچی بەلێشاوی هاوڵاتیانەو دەبێت پڕۆژەیەک هەبێت بۆ گێڕانەوەی ئینتیمای نیشتمانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەو ئاشتکردنەوەی نیشتمان‌و هاونیشتمانیان.

شارپرێس زانیاری ئەوەشی دەستکەوتوە، لەبەشێک لەدیدارو سەردانەکانیدا، پرسیاری ئەو گومانەی لێکراوە کە هاوڵاتیان پێیانوایە، هیچ ناکۆکیەک لەنێوان ئەدهەم بارزانی‌و پارتی‌و بنەمەڵەی بارزانیدا نییەو ئەوەی دەگوزەرێت، هەمووی سیناریۆیە بۆ ئاشتکردنەوەی دەنگە ناڕازیەکان‌و کۆکردنەوەیانە لەدەوری پارتی لەڕێگەی ئەدهەم بارزانییەوە، ناوبراو بەڕاشکاوی وتویەتی، "ئێمە ئەهلی فێڵ‌و سیناریۆ نین‌و لەئایندەیەکی نزیکیشدا هەموان بۆیان دەردەکەوێت کە من پیاوی فێڵ‌و تەڵەکە نیم‌و خاوەنی پڕۆژەی خۆمم".

دوای ئەوەی لەدیدارێکی چاوەڕواننەکراودا لەبەغدای پایتەختی عێراقەوە ئەدهەم بارزانی سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتی کردو سەردانەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیداهێنا، جارێکی تر لەدەباشان بافڵ تاڵەبانی پێشوازیی لەئەدهەم بارزانی کردو ئەوەیان ئاشکراکرد، ئەدهەم بارزانی داوای لەتاڵەبانی کردوە ڕەزامەندبێت بۆ کردنەوەی بارەگایەکی نوێی بارزانی لەشاری سلیمانی‌و لەبەرامبەردا تاڵەبانی بەبارزانی وتوە، "سلێمانی ماڵی هەمووکەسێکی نیشتمانپەروەرەو پشتیوانی هەنگاوەکەت دەبین‌و ماڵ ماڵی خۆتە".

ئەم هەنگاوەی ئەدهەم بارزانی ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیەکی نوێی نێوان پارتی‌و یەکێتی‌و پارتی بەجۆرێک لەدەرگاکردنەوە بەڕوی نەیارەکانیدا لێکی بداتەوە.

بەهۆی ئەو پەیوەندیە دێرینەی لەنێوان ئەدهەم بارزانی‌و کۆماری ئیسلامی ئیراندا هەیەو ماوەی چەند مانگیکێشە لەئێرانە، بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ئەم هەنگاوەی ئەدهەم بارزانی‌و ڕێگەپێدانی تاڵەبانی، لەوە گەورەترە پڕۆژەیەکی سیاسی تاکە کەسی بێت‌و ڕەنگە کۆماری ئێسلامی ئیران ڕێخۆشکەرو داڕێژەری نەخشەی پڕۆژەکەبێت‌و هەو ئەوانیش پێشنیازی ئەوەیان بۆ کردبێت بارەگاکەی بهێنێتە سلێمانی.

هەر دوای ڕاگەیاندنی خواستەکەی بارزانی‌و ڕەزامەندیەکەی تاڵەبانی، سۆشیاڵ میدیای نزیک لەپارتی کەوتنە ‌هێرشی توند بۆ سەر ئەدهەم بارزانی‌و تاڵەبانی‌و بەسەنگەر گواستنەوەو خۆفرۆشی‌و مامەڵەی سیاسی پێناسەی هەنگاوەکەیان کرد.

دیارنییە ئاخۆ لەگەڵ بەکردەییکردنی هەنگاوەکەداو کردنەوەی بارەگای نوێی بارزانی لەسلێمانی، هەڵوێستی پارتی چی دەبێت، ئاخۆ مامەڵەی سیاسی لەگەڵ بارەگاکەیدا دەکات یان بەهۆی ئەو بارەگایەوە هێندەی تر پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکێتیدا ئاڵۆزدەکات.