خانەنشینی هەرێم لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هاتەدەنگ

کوردستان

26/11/2022‌ 2299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

بەڕێوەبەری خانەنشینی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان دەکەن لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە و دەڵێت: پێویستە حکووەتی فیدراڵی ئەو زیادەیەی مووچەی خانەنشینان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لێرەوە بتوانین جێبەجێی بکەین.


حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی وتووە: ڕاستە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەبارەی زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە، بەڵام ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆمان ھەیە و چاوەڕێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی ھەڵوێستی ئەوان بزانین لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە.

دەشڵێت: ئێمە نازانین تا چەند لە توانای دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، چونکە پێویستی بە توانای دارایی ھەیە، ئەگەر بێت و بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.'

هەروەها وتیشی: ئەرکی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵە پاڵپشتیی دارایی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشنیان، چونکە ناکرێت ھەر بڕیار دەربکرێت، بەپێچەوانەوە پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی ئەو زیادەیەی مووچەی خانەنشینان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لێرەوە بتوانین جێبەجێی بکەین.

ڕۆژی 23ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە پابەنكردنی حكومەتی هەرێم بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدراڵیی ژمارە نۆی ساڵی 2014ی عێراق، لەئەگەری جێبەجێکردنیدا بە رێژەیەکی بەرچاو مووچەی خانەنشینانی ھەرێم زیاد دەکات و ھاوتای خانەنشینانی عێراق دەکرێت، پێی یاسای خانەنشینی عێراق نابێت هیچ خانەنشینێك موچەكەی لە (500) هەزار دینار كەمتر بێت.

س.س