بڕینى موچه‌ له‌عێراقه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌

کوردستان

11/02/2023‌ 5556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق بڕیاریداوه‌ ڕیژه‌یه‌ك له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ببڕدرێت بۆ بیمه‌ى ته‌ندروستى‌و پڕۆژه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، ده‌شڵێت:"بڕینى ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى دیاریكراوه‌ ناچاریه‌و به‌خواستى فه‌رمانبه‌ر نابێت".


به‌گوێره‌ى وته‌ى ئیهاب عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی سەر بەوەزارەتی تەندروستیی عێراق، "قۆناغی یەكەمی بیمەی تەندروستی لەڕێگەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیه‌وه‌ دەستیپێكردوەو ئێمە ئەو ئۆرگانانەمان دەستنیشانكردوە كە پڕۆژەكە دەیانگرێتەوە".

وتیشی:"دەزگاكانی حكومەت لەسێ سەرۆكایەتییەكەو ناوەندەكانی هەندێك وەزارەت، جگە لە 100 هەزار كەسی بیمەكراو كە چاودێریی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە كە لەپارەدان بەخشراون، جگە لەبەشێك لەوانەی بەدەست نەخۆشیی دەرونی‌و ئۆتیزمەوە دەناڵێنن، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران ده‌گرێته‌وه‌".

وتوشیه‌تى:"بیمەی تەندروستی هەموو پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە بەهەرێمی كوردستانیشەوە، بیمەی تەندروستی بەشداردەبێت لەپێدانی كرێی پزیشكی بەسودمەند بەڕێژەی 90%و ئەو توێژانەی كە توانای لێخۆشبونیان نییە".

به‌وته‌ى ئه‌و بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بیمەی تەندروستی بۆ فەرمانبەر لەسەر بنەمای ناچاری دەبێت‌و 1%ی موچەكه‌ى بۆ بیمە دەبێت، بۆ چین‌و توێژەكانی دیكەش لەسەر بنەمای ئارەزومەندانە دەبێت‌و بیمەی تەندروستییش لەماوەی شەش مانگدا جێبەجێدەكرێت.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "قۆناغی یەكەم بۆ تۆماركردنی فەرمانبەران، فۆڕمەكە دەكرێتەوە بۆ ئەوانەی ئارەزوی ناوتۆماركردنیان هەیە هەنگاو بەهەنگاو دەبێت، سه‌ره‌تا كاردەكەین بۆ شایستەیی‌و ئامادەكردنی مەرجە پێویستەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسای بیمەی تەندروستی‌و پێوەرەكانی پێشكەشكارانی خزمەتگوزاری لەنەخۆشخانەو ناوەندە تەندروستییەكان لەكەرتی گشتی‌و تایبەتدا.''

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "لەقۆناغی یەکەم‌و سەرەتادا بیمەکە لەشاری بەغدا بۆ چەند وەزارەتێکی هەڵبژێردراو دەستەبەردەکرێت، لەقۆناغی یەکەمدا 300 هەزار کەس لێی سودمەند دەبن".

پێوەرەکانی سودمەندبونی هاوڵاتییانى لەپڕۆژەکە ڕونكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت:"چەند پێوەرێک هەن بۆ ئەوکەسانەی دەیانەوێت لەبیمەی تەندروستی سودمەندبن، سەرەتا ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە زۆر پێویستیان پێیەتی‌و دۆخی داراییان باش نییە".

له‌باره‌ى شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆسەكه‌ش وتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق وتویه‌تى، "ناو تۆماركردن دەستیپێكردوە، دوای مانگی شەش خزمەتگوزارییەکە پێشکەشدەکرێت، لەقۆناغی دواتردا گشتاندن دەکرێت بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان".

بیمەی تەندروستی لەچەند ڕێگەیەکەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت‌و پارەدار دەکرێت، لەوانە، حکومەتی عێراق سەرچاوەی سەرەکیی خەرجکردنی پاڵپشتیی داراییە بۆ پڕۆژەی بیمەی تەندروستی‌و پاشان چەند سەرچاوەیەکی دیکەی وەرگرتنی 1%ی موچەی فەرمانبەران، ئەو باجەی لەکارگەکان وەردەگیرێت‌و باجی سەر بازرگانان‌و باجی هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان، هەروەک لەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بودجەیەکی بۆ تەرخاندەكرێت.

ش.هـ

بەپەلە