ئێران دوو خوشکی چالاکوانی شاری سنە زیندانیی دەکات

کوردستان

31/05/2023‌ 381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئێران دوو چالاکوانی ئافرەت کە ئەندامی پێشووی حزبی "ئیتیحاد میللەت"ن بەهۆی پڕوپاگەندە دژی نیزامی ئێران و بەشداریی لەخۆپیشاندانەکانی کۆتایی ئەم وڵاتە دەخاتە زیندانەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانان، دوابەدوای بانگهێشتنامەیەک لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تارانەوە دوو خانمە چالاکوانی ئێرانی شاری سنە دەستبەسەر کران و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی"شەرق"لەمبارەوە، دوابەدوای بانگهێشتنامەیەک خوشکانی تەوحیدی چالاکوانانی بەناوبانگی شاری سنە دەستگیر کراون و ئەم دەستگیرکردنەیان لە کاتێکدایە کە ئاگادارکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەوا بڕیارێک لە سیستەمی دادوەری وڵاتەکە تۆمار نەکراوە وبە پارێزەرانی دۆسیەکانیشیان ڕانەگەیەندراوە.

زەهرا و هودا تەوحیدی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران کە دروشمی ژن ژیان ئازادی یان هەڵگرتبوو لە هاوینی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکران و پاش بەسەربردنی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرکردنی کاتییان، لە ٢٦ی کانوونی دووەم بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی وتەی داواکاری گشتیی تاران، ئەم دوو خوشکە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پڕوپاگەندە دژی حکومەتی ئێران" لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی لێبوردنەکەیان، ئەم دوو خانمە چالاکوانە بۆ تێپەڕاندنی سزاکەیان بۆ زیندانی ئێڤین لەئێستادا گوازراونەتەوە.

دەستگیرکردنی ئەم چالاکوانانە لەکاتێکدایە کە ڕێبەری ئێران پێشتر لێبوردنی گشتی بۆ زۆرینەی خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە دەرکردبوو، بەڵام بەگشتی دەسەڵاتی دادوەری ئەم وڵاتە لە گرتن و سزادانی چالاکوانان بەردەوامە و سزای ناعادیلانە بەسەریاندا تا ئاستی زیندانی هەتاهەتایی و لەسێدارەدان دەسەپێنێت.
ی.ن