لە هێرشەكەی قامیشلۆ رۆژنامەوانێك گیانی لەدەستدا

کوردستان

23/08/2023‌ 743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: كەنداڵ جودی

لە هێرشەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەی فڕۆكەكانی توركیا لەنێوان قامیشلۆ و عامودا رۆژنامەوانێك گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری شارپرێس لەرۆژئاوای كوردستان دەڵێت "فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی كەناڵی ئاسمانی ژن تێڤییان بەئامانج گرتووە و بەهۆیەوە رۆژنامەوانێك بە ناوی نەجمەدین حاجی سینان گیانی لەدەستداوە و یەكێكی دیكەش برینداربووە".

فەرمانگەی ڕاگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەكدا  دەڵێت: فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی كەناڵی ئاسمانی ژن تیڤییان كردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا یەكێك لە كارمەندانی كەناڵەكە گیانی لەدەستدا و یەكێكی دیكەش برینداربوو.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە: " توركیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی زیاتر لە دژی خەڵكی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە پشتگوێخستنی هەموو ئەو پەیمانە نێودەوڵەتیانەی كە داوای پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەكەن لە ململانێكان".

لە ماوەی ئەمساڵی 2023 كوژرانی شەش ڕۆژنامەنووس لە ناوچەكانی سوریا تۆماركراوە، دواهەمینیان بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسی كوردی سوریا عیسام عەبدوڵڵا پەیامنێری ئاژانسی هاوار  بووە.

هەروەها داوای لە "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد دەستوەردان بكەن و كۆتایی بە تاوانەكانی توركیا بهێنن و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكەن لە بەرامبەر ئەو پێشێلكاریانە كە ڕۆژانە لە بەرامبەر خەڵك و پێكهاتەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاد دەبن".