پارتە رۆژهەڵاتییەكان بەهەمانگی حكومەتی هەرێم دەستیان بەگرتنەبەری رێوشوێنی نوێ كرد

ڕاپۆرت

11/09/2023‌ 8479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئێرانە و باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەعێراق لە هەرێمی كوردستانە، ئەو وادەیەش نزیكبووەتەوە كە تاران بۆ چەكدانانی پارتە رۆژهەڵاتییەكان دیاریكردووە كە 19 ئەیلوولە، میدیاكان و بەرپرسانی ئێران هۆشداری دەدەن لەدوای ئەو وادەوە لەحاڵی جێبەجێنەكرانی رێككەوتنی ئەمنی بەغدا و تاران هێرش دەستپێدەكەن، بەرپرسێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بۆ شارپرێس ئاشكرادەكات.

ئەوەی ئێستا مەترسی لەسەر دروستبووە پارتە رۆژهەڵاتییەكانن لە هەرێمی كوردستان و لەچەند رۆژی رابردودا حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەوبارەیەوە هۆشداری دا.

بەپێی هەندێك زانیاری و چەند سەرچاوەیەك حیزبی دیموكرات و پارتی ئازادی كوردستان بارەگاكانیان لەناوچە سنوورییەكان چۆڵكردووە، بەرپرسێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش ئەو زانیارییانە رەتدەكاتەوە  كە بارەگاكانیان لەناوچە سنوورییەكان چۆڵكردبێت و بۆ ناوخۆی هەرێم كشابنەوە، بەڵام دەڵێت رێوشوێنی نوێیان گرتووەتەبەر.

حەسەن كاكیلی ئەندامی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ شارپرێس رایگەیاند "لەم رەوشەی ئێستا هاتووەتەپێشەوە ئێمە وەك حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبەكانی دیكەش رێوشوێنی خۆمان گرتووەتەبەر و جێگۆڕكێمان بەهێزەكانمان كردووە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بووە" بەڵام وردەكاری چۆنێتی جێگۆڕكێكەی ئاشكرانەكرد، ئەوەش لەبەر پارێزراوی رێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەكان.

كاكیلی دووپاتیكردەوە كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئامادەی چەكدانان نین و بەهەرجۆرێك بێت هێزە سەربازییەكانیان و پێشمەرگەكانیان دەبێت لەشاخ بمێننەوە.

هەروەها ئەو ئەندامەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گوتی "بیانووی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە كە بنكە و بارەگاكانی ئێمە، بنكە و بارەگای چەكداری و سەربازین، بەڵام ئێستا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەسەر خەتین و ئەوان هاتوون و سەردانیانكردووە، كە شوێنەكانی ئێمە سڤیلن نەك سەربازی".
ئاماژەی بەوەشكرد ئەوەی بەلای پارتە رۆژهەڵاتییەكانەوە گرینگە، كێشە و ئاڵۆزی بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكەن.

ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئێران نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە "هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە، هەروەها دڵنیایی دا كە هەرگیز ڕێگە نادەن هیچ هەڕەشەیەكی ئەمنی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست ببێت".

لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوەكانی میدیای ئێرانی و ناوچەیی، سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ تاران بەشێكی سەرەكی پەیوەندی بەبابەتی رێوشوێنەكانەوە هەیە لە بەرامبەر پارتە رۆژهەڵاتییەكان.