شارپرێس:
كۆمیتەی باشووری كوردستانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكە داوای پارێزگاری لە ئۆفیسە فەرمییەكەی و ئەندامەكانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
كەنەكە لە راگەیەندراوێكدا شەرمەزاری تیرۆركردنی دەنیز جەودەت ئەندامی كەنەكە لەنێو ئۆفیسی هەولێر دەكات.
كەنەكە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو دەستی تیرۆرە ئاشكرابكەن و پارێزگاریش لەئەندام و ئۆفیسەكەیان بكەن.
هاوكات ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆكی گشتیی كەنەكە بە میدیای نزیك لە پەكەكەی راگەیاند، هێرشێكی بەمجۆرە لەسەرمان لە ناو شاری هەولێردا تاوانێكی گەورەیە و ئاسایشی هەولێر لەم هێرشە بەرپرسیارە، ئاسایشی هەولێر لەبەر ئەوەی وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر كەنەكە هەیە و ئەمنییەتی نووسینگەی كەنەكەی نەپارستووە، تاوانبارن.
قەرەموس وتیشی: ئێمە بانگەوازیی دەكەین لە هەموو پارت و ڕێكخراو و هێزە كوردییەكان بەتایبەتی لە باشووری كوردستان كە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست دەرببڕن، چونكە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان نە هێزێكە و نە پارتێكی سیاسییە، بەڵكو چەترێكە بۆ ٣٨ پارت و هێز و ڕێكخراوی كوردیی لە هەر چوارپارچەی كوردستان، بۆ یەكڕیزیی و یەكێتیی نەتەوەیی كورد تێدەكۆشێت، ئەو كەسەی كە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە مومكین نییە بەبێ هاوكاری دەسەڵاتدارانی باشوور ئەو بوێرییەی كردبێت.
لە كۆتاییشدا جەختیكردەوە، بانگەوازیی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی هەرێم دەكەن دەمودەست هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەم هێرشە دەرببڕن، نووسینگەی كەنەكە لەژێر چاودێری ئاسایشدایە و كامێرای چاودێریی هەیە، بۆیە دەبێت دەمودەست بكوژ دەستگیربكرێت و بە سزای خۆی بگەیەندرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لەهێرشێكدا بۆ سەر ئۆفیسی نوێنەرایەتی كەنەكە لە هەولێر دەنیز جەودەت ئەندامی رێكخراوەكە كوژرا.