فوئاد سدیق
مرۆڤ کاتێک بە ڕاستی لە دایک دەبێت کە وەهمی ژیانی
ئاسایی لەبەردەمیدا دەمرێت و، تاکی مرۆڤ لەو چرکەساتە تراژیدییەدا ڕووبەڕووی بوونێکی
ڕووت و بێپەنا دەبێتەوە. ئەمە دەستپێکێكی ئۆنتۆلۆژییە بۆ دۆزینەوەی مانا لەناو قەیرانەکاندا.
لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە گۆڕینی دۆزەخە بۆ مۆدێلێکی
گشتگیرتر کە لۆژیکی ژیان و ئەقڵانییەتی تێکشکاندووە. کاتێک مرۆڤی کورد لەناو جەنجاڵییەکی
خنکێنەری بێئومێدیدا بەرەو داهاتوویەکی تاریك پاڵ دەنرێت، یەکەمین کاردانەوەی دەروونی،
پەنابردنە بۆ وەهمی ڕزگاربوونێکی کتوپڕ. ئەم چاوەڕوانییە بێ بنەمایە بۆ ڕوودانی
موعجیزەیەک، داوێکی دەروونیی ترسناکە، تاکی کورد لە جێی خۆی ڕادەگرێت و، ناهێڵێت ڕووبەڕووی
قەبارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە ببێتەوە، لە کاتێکدا واقیع وەک دیوارێکی چیمەنتۆرێژکراوی
بێدەنگ هەموو ئاسۆیەکی جیاوازی داخستووە و ڕێگا لە هەموو گۆڕانکارییەکان دەگرێت.
لەم کاتەوە پڕۆسەی داماڵینی مرۆڤایەتی دەست پێدەکات
کە لە جەستەوە دەست پێدەکات و تا قووڵایی ڕۆح و ویژدان شۆڕ دەبێتەوە. کاتێک سیستەم
دەتوانێت هاووڵاتی لە بوونێکی خاوەن شکۆ و مێژووەوە، بۆ تەنیا ژمارەیەکی وشک لە لیستی
مووچەدا کورت بکاتەوە، یان بیکاتە ئامرازێکی سادەی بایۆلۆژی بۆ مانەوەی خۆی، لێرەدا
کەسایەتی گەوهەریی دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی بەکارهێنراو. گۆڕینی مرۆڤ بۆ داتایەکی بێ
ڕۆح لەناو سیستەمێکی گەندەڵ و توندوتیژدا، بە واتای کوشتنی مێژووی تاک و سڕینەوەی یادەوەرییەکانی
دێت. ئەمە پەیامێکی ڕەها و بێبەزەییانەی ستەمكارە پێت دەڵێت تۆ لەمەودوا بوونێکی سەربەخۆ
و خاوەن ویست نیت، بەڵکو تەنیا موڵکی هێزێکییت کە دەتوانێت لە هەر چرکەساتێکدا بتسڕێتەوە
یان بتکاتە ژمارەیەکی بێبەها(75 ساڵە هانا ئارێنت وا دەڵێت).ئەم دۆخە جۆرێک لە نامۆبوونی
قووڵی بەرهەم هێناوە کە تاک هیچ بەهایەک بۆ خۆی لەدەرەوەی بازنەی سوودبەخشی بۆ ئەویتر
یان بۆ دەسەڵات نابینێتەوە، ئەمەش گەورەترین شکستی دەروونییە مرۆڤ تووشی دەبێت.
لەناو ئەم هەموو قەیرانی فکری و کۆمەڵایەتییەدا،
ئەخلاق ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت و ترسناک دەبێتەوە کە هەموو بەها کۆنەکان لە
ریشەوە هەڵدەتەكێنرێن. کاتێک مانەوەی بایۆلۆژی
و دابینکردنی نان دەبێتە تاکە یاسای باڵا، بەها ئەخلاقییەکان وەک بارێکی گران و بێسوود
دەردەکەون کە ڕێگری لە مانەوە دەكەن. سیستەمی چەوسێنەر بە ئەنقەست و بە پلانێکی
ورد دۆخێک دەخولقێنێت تا قوربانییەکان خۆیان ببنە جەللادی یەکتر و ململانێی یەکتری
بکەن. کاتێک مرۆڤ بۆ ژەمە نانێک یان بۆ ئیمتیازێکی کاتی ئامادەیە ئازاری هاونیشتمانەکەی
بدات، یان شکۆی هاوڕێکەی بشکێنێت، ئەمە لووتکەی سەرکەوتنی سیستەمە لە تێکشکاندنی یەکگرتوویی
کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی گیانی هاوکاری. لێرەوە متمانە وەک جومگەیەکی سەرەکی کۆمەڵگا
دەمرێت و پێوەندییە مرۆییەکان دەبنە جەنگێکی هەمیشەیی و گشتگیر، ئەمەش لووتکەی ئەو
جەهەنەمە دەروونییەیە کە نادادی لەناو دەروونی تاکەکاندا دەیکێڵێت و دەچێنێت.
درێژەکێشانی ئەم نادادی و هەژارییە جەوهەرییە،
مرۆڤ بەرەو قۆناخی بێدەنگییەکی دەروونیی قووڵ یان سڕبوونی تەواوی ویژدان دەبات. ئەم
بێ هەستییە لە بنەڕەتدا وەک قەڵغانێکی بەرگری دروست دەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ لەناو
ئازارە بەردەوامەکاندا لەناو نەچێت، بەڵام باجە فەلسەفی و دەروونییەکەی زۆر گرانە.
کاتێک هەواڵی کوشتن، کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان، برسی كردن، نابنە هۆی جوولاندنی هەستەکان
و تووڕەییەکی گشتی دروست ناکەن، بێگومان مرۆڤ دەبێتە تەنیا سێبەرێک کە بە دوای پێداویستییە
غەریزەییە سەرەتاییەکانیدا دەگەڕێت. لەم چرکەساتەدا، هەموو مەعریفە و فەلسەفە و مێژووی
نەتەوەیەک لە ژەمی نانێکدا کورت دەبێتەوە و شکۆ دەبێتە قوربانیی گەدە. ئەمە
ترسناکترین وێرانکاریی شارستانییە، چونکە مرۆڤی غەریزی هیچ پاڵنەرێكی بۆ گۆڕانکاری
و یاخیبوون تێدا نامێنێت و تەنیا وەک ئامێرێکی بەکاربەر لە بازنەیەکی داخراوی بێماناییدا
دەخولێتەوە و تەمەنی بەفیڕۆ دەڕوات.
گەورەترین
سووکایەتی کە بەرانبەر بە مرۆڤبوون بکرێت، ڕێژەییبوونی ئازار و چێژە لەناو ئەم ژینگەیەدا.
کاتێک مرۆڤ بەختەوەریی خۆی تەنیا لە نەبوونی ئازارێکی گەورەتردا دەبینێتەوە، یان
کاتێک بەوە ڕازی دەبێت تەنیا جەستەی ساغە و نەڕزیوە، ئەمە لووتکەی بچووکبوونەوەی
مرۆڤە بۆ ئاستی زیندەوەرە سەرەتاییەکان. بەڵام ڕێک لە قووڵایی ئەم بێماناییەدا، فەلسەفەی
وجودی دەرفەتێکی ترمان پێ دەدات ئەویش ئازادی هەڵبژاردنی هەڵوێستە. تەنانەت ئەگەر
هەموو ئازادییەکی جەستەیی و سیاسی و ئابووری لە تاک زەوت بکرێت، هێشتا مرۆڤ دەتوانێت
لە جیهانی ناوەوەی خۆیدا ئازاد بمێنێتەوە و ڕێگە نەدات سیستەم دەست بەسەر ڕۆحیدا
بگرێت. ئەمە پێویستی بە ململانێیەکی بەردەوام و بێباکانە هەیە دژی غەریزەی مانەوەی
ڕووت کە مرۆڤ بەرەو سووکایەتی و سەرشۆڕی دەبات بۆ ئەوەی تەنیا بژی. ئەگەر مانا تەنیا
لە پاراستنی جەستەدا کورت بکرێتەوە، ئەوا ژیان لەم جەهەنەمەدا بێمانایە، بەڵام ئەگەر مانا لە پاراستنی شکۆ و جەوهەری
مرۆڤبووندا بێت، مرۆڤ دەتوانێت بەسەر دێوەزمەی سیستەم و ترسەکانیشدا سەربکەوێت.
ئەم بۆشاییە بوونگەراییە گەورەیەی کۆمەڵگای ئێمەی
گرتۆتەوە، تەنیا بە گەڕانەوەی ویست بۆ مانا پڕ دەبێتەوە و چارەسەر دەکرێت. هەموو سیستەمە
گەندەڵ و دیکتاتۆرەکانی دونیا لە هەوڵی ئەوەدان هەموو مانا بەرز و پیرۆزەکان بکوژن
و بێبەهایان بکەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ تەنیا وەک کەرەستەیەکی بەکارهێنەر و گوێڕایەڵ بمێنێتەوە.
بەڵام شکۆ مەسەلەیەکی ناوەکی و جەوهەرییە، ئەگەر مرۆڤ خۆی دەستی لێ هەڵنەگرێت، ناتوانرێت بە زەبری هێز لەناو ببرێت. کاتێک گەنجێک
لەناو ئەم هەموو بێ ئومێدییەدا هێشتا بەرگری لە بەرهەمێکی فکری یان مرۆیی دەکات، یان
کاتێک هاووڵاتییەک نایەوێت ببێتە بەشێک لە ئامێری درۆ، مانای ئەوەیە بەرگری لە جیهانی
ناوەوەی خۆی دەکات و هێشتا زیندووە. گۆڕینی تراژیدیایەکی سەپێنراو بۆ سەرکەوتنێکی
مرۆیی لە ڕێگەی مانا بەخشین بە ئازارەکان، گەورەترین دەستکەوتی مرۆڤە لە مێژوودا.
ئەو کەسەی بە شکۆوە بەرگەی نادادی دەگرێت و
ئامادە نییە ببێتە بەشێک لە سیستەمی چەوساندنەوە و ڕەوشتی خۆی بفرۆشێت، دەیسەلمێنێت
ئیرادەی مرۆڤ لە هەموو هێزە فیزیکی و مادییەکان بەهێزترە. ئەمە ئەو خاڵە وەرچەرخانەیە
کە مرۆڤایەتی لەناو خۆڵەمێشی وێرانەکانی جەهەنەمدا دووبارە لەدایک دەبێتەوە. نیشتمان
لە بنەڕەتدا نەخشەیەک یان خاکێکی بێ رۆح نییە، بەڵکو لەسەر بنچینەی مرۆڤبوون و کەرامەت
دادەڕێژراوە. تا ئەو کاتەی مرۆڤ مانا لە پاراستنی کەرامەتیدا دەبینێتەوە، جەهەنەم
ناتوانێت پیرۆزییەکانی تێکبشکێنێت، چونکە پیرۆزیی ڕاستەقینە لەناو دەروونی ئەو تاکەدایە
کە ڕەزامەند نییە ببێتە کۆیلەی غەریزە و ترس. لێرەوە دەتوانین بڵێین جەهەنەم تەنیا
شوێنێک نییە بۆ سزادان، بەڵکو تاقیگەیەکی گەورەیە بۆ جیاکردنەوەی مرۆڤی خاوەن ویست
لەو مرۆڤانەی تەنیا وەک سێبەر لەسەر زەوی دەجوولێن. ئەو کەسەی لەم دۆزەخەدا بە سەربەرزی
دەمێنێتەوە، نەک هەر خۆی، بەڵکو مانای ژیان بۆ نەوەکانی داهاتووش ڕزگار دەکات و نیشانی
دەدات مرۆڤبوون تاکە تاقیکردنەوەیە کە شایەنی ئەوە بێت مرۆڤ ژیانی بۆ تەرخان بکات.
پڕۆسەی ڕزگاری لەم جەهەنەمەدا لە دەرەوە دەست پێناکات، بەڵکو لەو ساتەوە دەست پێدەکات
کە مرۆڤ بڕیار دەدات چیتر نەبێتە کەرەستە و بگەڕێتەوە بۆ جەوهەری ڕاستەقینەی خۆی وەک
بوونێکی ئازاد و بەرپرسیار.
