شارپرێس:
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ رەوتی سەدر كە دژبەری كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانە دەستی بەجوڵەكردووە بەتایبەت بەهۆی پابەندنەبوونی سودانی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دووشەممە سكاڵا لەدژی سودانی تۆماركرا بەهۆی پابەندنەبوونی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەندەكانی بەرنامەی كابینەكەی.
پارێزەر و شارەزایی یاسایی ئەحمەد باوی دەڵێت "بەرزكردنەوەی سكاڵا دژی سودانی تایبەتە بە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە، كە دەبێت دوای ساڵێك لەپێكهێنانی كابینە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام ئەوە نەكراوە".
پێویستبوو لەسەر كابینەكەی سودانی دوای ساڵێك كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكات، بەڵام ئەوە نەكراوە، بۆیە رەوتی سەدر دەستی بەجوڵە كردووە.
عیسام حوسێن چالاكی سیاسی نزیك لە رەوتی سەدر بۆ رۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدید گوتی: هەڵبژاردن خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانبوو، بەڵام كاتێك لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشكی خۆیان لە دەسەڵات وەرگرت ئەو خواستەیان نەما، ئەوە رەنگە ئاساییبێت، بەڵام بۆ سودانی وەك سەرۆك وەزیران ئاسایی نییە".