شارپرێس:
ڕابیتەی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەخەوو پزیشکی خەو ڕایگەیاند، کەمخەویی چەندین مەترسیی تەندروستیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەوانە ماندوێتییو ماندوبون لەڕۆژدا، سەرئێشە، خراپی تەرکیزکردن، کەمبونەوەی توانای هەوڵدانو هێواشی کاردانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەمخەویی ئەگەری توشبون بەچەندین نەخۆشیی وەک نەخۆشییەکانی دڵو خوێنبەرەکانو شەکرەو هەروەها نەخۆشییە دەرونییەکانی وەک خەمۆکیی زیاد دەکات.
ڕابیتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕی ئەو خەوتنەی کە جەستە پێویستی پێیەتی بۆ نوێکردنەوەی چالاکییو وزەکەی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، ئاماژەی بەوەشکردوە، تێکڕای خەوتنی تەندروست لەنێوان 6 بۆ 8 کاتژمێردایە.
بۆ چێژ وەرگرتن لەخەوێکی تەندروستو ئارام، کۆمەڵەکە پێشنیاری گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانەی خوارەوەی کردوە:
ـ پاراستنی خشتەیەکی ڕێکوپێکی خەوتن.
ـ پاراستنی ژینگەیەکی ئارام بۆ خەوتن، پێویستە تەلەفزیۆنو مۆبایلە زیرەکەکانو کۆمپیوتەرەکان چەند کاتژمێرێک پێشخەوتن بکوژێنەوە.
ـ پێشخەوتن هەواگۆڕکێی ژوری نوستن بکە، هەروەها دڵنیابە لەوەی پلەی گەرمی ژورەکە گونجاوە، تێبینی ئەوە بکە کە پلەی گەرمی ژوری بەردەوام 18 پلەی سەدی یارمەتیدەرە بۆ خەوتن.
ـ دوربکەوەرەوە لەئەنجامدانی ئەوکارانەی کە دڵتەنگت دەکەن یان سترێستت بۆ دەکەن ڕاستەوخۆ پێشخەوتن.
ـ یەکسەر پێشخەوتن وەرزش مەکە، چونکە وەرزشکردن جەستە چالاک دەکات.
ـ دوربکەوەرەوە لەخواردنەوە کافاینەکان وەک قاوەو چای ڕەش لەئێواراندا، چونکە ئەم خواردنەوانە کاریگەری هاندەرو بەئاگاهێنەریان هەیەو بەو هۆیەوە دەبنە هۆی ڕێگریکردن لەخەوتن یان مانەوە لەخەودا.
ـ بەگەدەی پڕ یان بەتاڵ مەچۆ سەر جێگه.
و: ئاکۆ ئاڵی