خواردنە بەهاراتییەکان سەرەڕای سودەکانیان نابێت ئەم کەسانە بیخۆن

تەندروستی

16/11/2023‌ 917 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەنتەری خۆراک لەویلایەتی بادن-ڤرتمبێرگی ئەڵمانیا ڕایگەیاندوە، خواردنە بەهاراتییەکان وەک بیبەری تون‌و زەنجەفیل‌و خەردەل سودی تەندروستی زۆریان هەیە، بەوپێیەی هانی دەردانی لیک‌و ترشەڵۆکی گەدە‌و هاندانی جوڵەی گەدەو ڕیخۆڵەکان کە یارمەتی هاندانی پرۆسەی هەرسکردن دەدات.


سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، خواردنە بەهاراتییەکان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش، بەمەش بەرەنگاری بەکتریاو ڤایرۆس‌و کەڕوو میکرۆبەکان دەبنەوە، هەروەک کار لەسەر فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەکات، بەمەش سوڕی خوێن باشتردەکات، کە دواجار سودی بۆ سیستەمی بەرگری لەش هەیە.

خواردنە بەهاراتییەکان یارمەتیی بەرەنگاربونەوەی سەرمابردنەکان دەدەن، بەوپێیەی کاریگەریی دژە هەوکردنیان هەیەو یارمەتیی تواندنەوەی بەڵغەم دەدەن، هەروەک یارمەتیی چارەسەرکردنی گیرانی لوت دەدەن.

هەروەها خواردنە بەهاراتییەکان دەبێتە هۆی هاندانی میتابۆلیزمی وزە، ئەمەش یارمەتیی سووتاندنی کالۆری دەدات، جگەلەوەی بەهۆی دەردانی عەرەقەوە دەبنە هۆی ساردبونەوەی جەستە، جگەلەوەش خواردنە بەهاراتییەکان یارمەتیی جەستە دەدەن بۆ دەردانی هۆڕمۆنی ئەندۆرفین، بەمەش باری دەرونیی کەسەکە باشتر دەبێت.

ئەوکەسانە کێن نابێت خواردنە بەهاراتییەکان بخۆن:
لەلایەکی دیکەوە سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە خواردنە بەهاراتییەکان بۆ هەندێک گروپ ناگونجێن، واتە ئەوکەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی قۆڵۆن، نەخۆشی گورچیلە، یان نەخۆشی میزەڵدانەوە دەناڵێنن، هەروەک ئەوکەسانەی کە بەدەست کێشەی کۆئەندامی هەرسەوە دەناڵێنن دوای خواردنی خۆراکی بەهارات، وەک وەک ئازاری گەدە، دڵەکزێ‌و خورانی لینجە پەردە، سکچون، ڕشانەوە، یان کێشەی پەستانی خوێن.

و: ئاکۆ ئاڵی