شارپرێس:
حسێن ئیبیش توێژەر لەئینستیتیوتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبیی لەواشنتۆن لەشیکردنەوەیەکیدا بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، ئیسرائیل بەبێ بەهێزکردنی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی فەتحو دەسەڵاتی فەڵەستین لەکەرتی ڕۆژئاواو زیادکردنی هاوکاریی بونیادنەرانە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە، ناتوانێت حەماسو گروپە چەکدارییە فەڵەستینییە نەیارەکانی ئیسرائیل لەناوببات.
ئیبش بەسی ئێن ئێنی وتوه، "بەبێ بەهێزکردنی ئەو هێزە فەڵەستینییانەی کە هێشتا نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی سەرەکیی جوڵانەوەی نەتەوەیی فەڵەستینییەکان دەکەن، نزیکە لەدڵنیاییەوە کە حەماسو گروپە توندڕەوەکان لەنێو گەلی فەڵەستیندا بەردەوامدەبن لەگەشەکردنو بەهێزکردنی پێگەکەیان.
حوسێن ئابیش باسی لهوهشکردوە، “ئەگەر ئیسرائیل ئێستا جدی بێت لەنەهێشتنی دەسەڵاتی سەربازییو سیاسیی حەماس، ئەوە تەنها بەکوشتنی سەرکردەو ئەندامانی بزوتنەوەکەو تەقاندنەوەی کەرەستەو ژێرخانی بزوتنەوەکە ئەوکارە ناکرێت، بەوپێیەی خەڵکی نوێ لەناو فەڵەستینییەکان دەتوانن ئەم بۆشاییە پڕبکەنەوە، بزوتنەوەی چەکداریی تر دەتوانن بەسەرکەوتوییو بەبودجەیەکی سنوردارو لەژێر بارودۆخێکی زۆرسەختدا کاربکەن".
ئیبیش هەروەک دەڵێت، "تاکە بژاردەی عەقڵانیی کە لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ ئیسرائیلییەکان ماوەتەوە ئەوەیە کە مامەڵەی جددیو بونیادنەرانە لەگەڵ ئەو فەڵەستینیانەدا بکات کە پابەندن بەدانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، نەک پشتیوانیکردن لەوکەسانەی کە دەیانەوێت ئیسرائیلییەکان لەناوبەرن، ئامانجی ڕونی ساڵانی داهاتوی ئیسرائیل دەبێت بریتیی بێت لەهاوکاریی ئەمنیی نێوان دەسەڵاتی فەڵەستینو ئیسرائیلو پابەندبونی پتەوی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین بەدەستەبەرکردنی سەربەخۆیی، لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی دوو دەوڵەتییەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەدەستبهێنرێت.
ئەو توێژەرە لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی:"ڕەنگە ئەمە پێچەوانەی خواستی زۆرێک لەتوندڕەوەکانی ئیسرائیل بێت لەناو حکومەتی ئێستای ئیسرائیلدا، لەوانەش نەتانیاهۆ، بەڵام لەڕاستییدا ئەگەر دەستنەکەن بەپەیوەندیی جددییو بونیادنەرو هاوکاریی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینو ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین، ئەوە حەماسو تا گروپە چەکدارەکانی تری نەیاری ئیسرائیل بەردەوامدەبن لەگەشەکردن”.
