شارپرێس:
گۆڤاری “نیوزویک”ی ئەمریکی بابەتێکی بڵاوکردۆتەوەو تیایدا ئاماژە بەوەدەکات، لەکاتێکدا ئەمریکا هەموو قورسایی خۆی خستۆتەسەر پشتیوانیکردنی ئیسرائیلو ئێرانیش هاوکاریی پڕچەککردنی حەماسو حزبوڵڵای لوبنانی دەکات، جەختکردنەوەیە لەوەی کە سێیەم جەنگی جیهانیی بەکرداری دەستیپێکردوە، بەڵام واشنتۆن نکوڵیی لێدەکات.
لەبابەتەکەی گۆڤارە ئەمریکییەکەدا هاتوە، ئەوەی ڕودەدات جەنگێکی فرە بەرە نییە، بەڵکو جەنگێکی نا ناوەندییەو بەرەکانی جەنگ بەیەکەوە نەلکاون، بەڵام هەموو کیشوەرەکانی جیهانی گرتۆتەوە، ئەم جەنگەش بەشێوەی "هایبێرد" بەڕێوەدەچێت، واتە تانکو تۆپو فڕۆکەو هەڵمەتی چەواشەکارانەی میدیاییو دەستتێوەردانی سیاسییو جەنگی سیبرانیی لەخۆگرتوە.
ئەوەش هاتوە، "ستراتیژی ئەم شەڕە هێڵەکانی نێوان شەڕو ئاشتیو جەنگاوەرو خەڵکی مەدەنی کاڵدەکاتەوەو تەمومژ بۆ تەمەکەی زیاد دەکات، هەروەک هەرچەندە لەزۆر بابەتدا جیاوازیی لەنێوان چینو ڕوسیاو ئێران هەیە، بەڵام سەرجەمیان بەهەمان ئامانج کاردەکەن کە بریتییە لەڕزگارکردنی ناوچەکانیان لەکاریگەرییو هەژمونی ئەمریکاو دروستکردنی سیستەمێکی جیهانیی بەشێوەی فرە جەمسەریی".
بابەتەکەی گۆڤارە ئەمریکییە هۆشداریدەدات لەوەی، ململانێی غەززە تەنها دوژمنایەتیی بەرەی ئێرانو ڕوسیاو چین زیاد دەکات، بۆیە ئەگەر ئیدارەی بایدن بەهەمان شێوازی ناکارای ئێستای کاربکات، ئەوە ئەو سێ دەوڵەتە بوێریی زیاتر پەیدا دەکەن، هەروەک ئەگەربێتو ئەمریکا لەپشتیوانیکردنی ئۆکرانیاو ئیسرائیل شکستبهێنن، ئەوە بەئەگەری زۆرەوە چین پەنا بۆ داگیرکردنی تایوان دەبات.
