شارپرێس:
د. عه‌لی قه‌ره‌داغی ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان له‌نامه‌یه‌كدا بۆ شێخی ئه‌زهه‌ر، داوای لێده‌كات ڕابه‌رایه‌تیان بكات به‌ره‌و ده‌روازه‌ی ڕه‌فه‌ح، ڕاشیدهگهیهنێت، "ناگه‌ڕێینه‌وه تا نه‌چینه ناو غه‌ززه‌و كاروانی هاوكارییه‌كانمان نه‌گه‌یه‌نین".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه د. عه‌لی قه‌ره‌داغی ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی شێخی ئه‌زهه‌ر كرد.
له‌و نامه‌یه‌دا نوسیویهتى، "تكایە ڕابەرایەتیمان بكە بەرەو دەروازەی ڕەفەح، ناگەڕێینەوە تا نەچینە ناو غەززەوەو تا هاوبەشی كەسوكاری خۆڕاگرمان نەبین، تائەوكاتەی لەگەڵ خۆشمان‌دا كاروانی هاوكارییەكان دەبەینە ناوەوە".
دەقی نامەکە:
نامەیەك بۆ شێخی ئەزهەری بەڕێز:
تكایە ڕابەرایەتیمان بكە بەرەو دەروازەی ڕەفەح، ناگەڕێینەوە هەتا نەچینە ناو غەززەوە و هەتا هاوبەشی كەسوكاری خۆڕاگرمان نەبین، هەتا ئەوكاتەی لەگەڵ خۆشمان‌دا كاروانی هاوكارییەكان دەبەینە ناوەوە.
گومان لەوەدا نییە كە هەڵوێستی پ.د. أحمد الگیب (شێخی ئەزهەر)، زۆر ڕێزدارانەیە و سوپاسی دەكەین لەسەری، بەڵام بەتەنها ئیدانە كردن بەس نییە بۆ بەڕێزیان -كە لە پێگەیەكی گەورەدایە-، هەروەها لە وڵاتێكدایە كە جڵەوگیری دەروازەی ڕەفەح دەكات، بەڕێزیان فەزڵیان بەسەر سەرۆكەكەیانەوە هەیە، گومانم نییە گەر ئەو پێ‌داگر بێت، سەرۆكەكەشی بەدەمیەوە دێت.
ئێمە لە یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمانەوە، هەموومان لە پشتی بەڕێزیانەوە دەوەستین بۆ ئەم هەنگاوە كە (واجب الوقت – لەئێستادا فەڕزە) و شیاوە بە زانایان، لەپێش هەموویانەوە خۆم كە هەر ئەوەندەی قبووڵ بكرێت دەستبەجێ دەگەمە ئەوێ.
من پێشتر بەیاننامەیەكی كاریگەری بەڕێز شێخی ئەزهەرم بینی لەبارەی ئەم رووداوانەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێن، هەر ئەمەش وای لێ كردم ئەم داواكارییە بەرز بكەمەوە.
ئاشكرایە كە لەڕووی شەرعەوە رەوا نییە بێدەنگ بین لەئاست ئەم كۆمەڵكوژی و كوشتار و وێرانكارییە گشتییە و ئەم كوشتنی هەزاران منداڵ و ژنەدا..
هەر بەڕاستی غەززە دەسووتێت و دانیشتوانە قارەمانەكانیشی بە چەكە كوشندەكان لەناو دەبرێن.
جا لەبەرامبەر ئەم كۆمەڵكوژییەدا بەتەنها ئیدانە كردن بەس نییە، بەڵكو هەوڵدان و تێكۆشانی هەر یەكێكمان بەپێی توانا گرنگە.. ئەگەر نا لەبەرامبەر خوا بەرپرسین.
براتان: پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان
سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەیی مرۆیی
