ئه‌مریكا بۆ هه‌رێم: ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی پێشمەرگە قورسە

کوردستان

11/01/2024‌ 1897 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا له‌هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی پڕۆژەی یاسایی چاکسازیدا، ئەرکێکی قورسە".


ئه‌مڕۆ مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەرێم‌و وه‌فدێكى سەربازیی‌و دیپلۆماسی سه‌ردانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یان كردو له‌گه‌ڵ شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌و عه‌بدولخالق باپیری بریکاری وەزارەت‌و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان‌و بەڕێوەبەری هەماهەنگی‌و پەیوەندییەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە كۆبونه‌وه‌.

ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بەگرنگیەوە دۆخی سیاسیی‌و سەربازیی ناوچەکەو مانەوەی سەربازان‌و ڕاوێژکارانی باڵای ئەمریکا لەعێراق‌و بەردەوامیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکاو هەرێمی کوردستان‌و پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوەکراوه‌.



هه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ وەزیری پێشمەرگە بەبایەخەوە باسی لەڕۆڵی گرنگی دیپلۆماتکاران‌و ڕاوێژکارانی سەربازیی‌و سیاسی ئەمریکا کردوه‌ لەهەرێم‌و عێراق‌و وتویه‌تى، "گەل‌و حکومەتی ئەمریکا دۆستێکی ڕاستەقینەی گەل‌و حکومەتی هەرێمن، لەسەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا پشتیوانمان بون، لەوەزارەتی پێشمەرگەش، هاوکارو پشتیوانی پرۆسەی چاکسازین بەئامانجی سەرخستنی پرۆسەکەو لابردنی ئاستەنگ‌و لەمپەڕی بەردەم ئەو پرۆسەیە، هەروەها بونیادنانی سوپایەکی یەکگرتوی تۆکمەی سەردەمیانە".

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا کونسوڵی گشتیی ئەمریکا ڕایگه‌یاندوه‌، "پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانی گیانفیدایە، به‌ڵام ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ئه‌و هێزە لەچوارچێوەی پرۆژەی یاسایی چاکسازیدا، ئەرکێکی قورسەو پێویستی بەهاوکاریی‌و پشتگیریی هەموان هەیە، لەم پێناوەشدا پاڵپشتی بەردەوامی پرۆسەی چاکسازین‌و لەگەڵتان هاوکارو هەماهەنگ دەبین بەئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە لەوەزارەتی پێشمەرگە".