هاوپەیمانان بەشێکى زۆرى هاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتى پێشمەرگە کەمدەکەنەوە

کوردستان

12/01/2024‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەی ٢٥٪ کەمکراونەتەوە و تا ساڵی ٢٠٢٦ بە تەواوەتی کۆتاییان پێدێت.

لیوا ڕوکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، یاداشتنامەیەکی تێگەیشتنمان هەیە لە نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حکومەتی عێراق، بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێک ٢٠ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئەجهیزات و مەشق و ڕاهێنان لە خۆ دەگرێت، ساڵانە هاوکارییە ماددییەکان کەم دەبێتەوە بەڕێژەی ٢٥٪، واتە لە ٢٠٢٦ دا سفر دەبێتەوە.

دەشڵێت: کەمکردنەوەکە سزا نییە، بەڵکوو بە پێی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە هەیە لە نێوانماندا، چونکە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدرا و لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ نوێکرایەوە، بە پێی لێکتێگەیشتنەکە پێنتاگۆن مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئامێری جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکار دەبێت، لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردووەتەوە، کەمکردنەوەی ئەم هاوکارییانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وەزارەتەکە و بەتایبەت هێزەکانی عێراقیش و دەشڵێت: وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەبێت قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەم بوونەوەیە.

لەم هەفتەیەدا ئاژانسی ئەلمۆنیتەر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانە لە ٢٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بووە و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی.