وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ پێشمەرگە راگەیاند

کوردستان

12/01/2024‌ 511 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هاوکاری مادیی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە 25% کەمکراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی 2026 هاوکارییەکە نامێنێت و ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، دەکرێت رێککەوتنی پێدانی هاوکارییەکە نوێ بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، مانگانە 20 ملیۆن دۆلار پارەی کاش وەکو هاوکاریی دەدرایە پێشمەرگە. رۆژی هەینی 12-01-2024، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە هاوکارییەکەی هاوپەیمانان کراوە بە 15 ملیۆن دۆلاری مانگانە".
 
لیوا بەختیار وتی، مانگی ئۆکتۆبەری 2022 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرا و بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەش، مانگانە 20 ملیۆن دۆلاری کاش هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەکرا و ساڵانەش 25% کەم دەکرێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا ئۆکتۆبەری پار 25%ـی کەم کرایەوە و لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2026دا هاوکارییەکە بە تەواوی دەبڕدرێت.
 
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە پارەی کاش، هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە بوارەکانی پێدانی چەک و تەقەمەنی، راوێژکاری و مەشق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن.