حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى موچه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

29/01/2024‌ 4229 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەرێگەی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوی میدیای جیاوازەوە ئاماژە بەهەدەردانی ئەو بڕه‌ پارانه‌ دەکات کە لەسەر عێراق بڵاوکراوەته‌وەو دەڵێت، "ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو موچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن، لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لەکوردستان برسیکراوە".


پێشه‌وا هه‌ورامانى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى په‌یامێكه‌وه‌ ده‌ڵێت:"ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟".

ده‌شڵێت:"لەوەتەی دروستبونی کێشەکان لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێم، بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک، لەکاتێکدا ئێمە ڕون‌و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردوە!".

بۆ ئه‌وه‌ش نوسیویه‌تى، "بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە! ئایا ئەم شەفافییەت‌و تەوزیحەی لەئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟".

وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاماژه‌ پێكردوه‌و نوسیویه‌تى، گەڕانێکی سادە، لەچوار هەواڵی بڵاوکراوەی ژمارەیەک سەرچاوەی میدیایی باوەڕپێکراو:

ـ ئەلجەزیرە، 20%ی پارەی موچەی عێراق بۆ موچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی 10 ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لەموچەی هەموو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ـ ئەلحوڕە: 300 ملیار دۆلار لەعێراق بۆ پڕۆژەو موچەی وەهمی چوە..

ـ ئەلبەغداد ئەلیەوم: لەلیستی خانەنشینانی عێراقدا، 22 هەزار موچەخۆری وەهمی هەن کە 800 ملیار دینار لەخەزێنەی عێراق دەبەن.

ـ بی بی سی: ساڵی 2014 حکومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 50 هەزار سەربازی وەهمی موچەیان لەخەزێنەی عێراق وەردەگرن، وەهمی نەک بندیوار!.

بۆ ئه‌وه‌ش ده‌پرسێت، "ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردوماندەکەن؟، ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو موچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لەکوردستان برسیکراوە!".