دوو ساڵە بەرپرسانی یەکێتی بۆ بەرامبەر کوێخا دێرین و قەڵاکەی بێدەنگن؟

کوردستان

13/02/2024‌ 2771 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دوو ساڵ پێش ئێستا، ئەو پیاوەی ڕۆژی دووشەممە هەواڵی ڕوخاندن و تەقاندنەوەی قەڵاکەی لە سەرجەم میدیاکانی یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی بڵاوبوەوە، ئەوکاتە هەواڵی دروستکردنی قەڵاکەی هەر لە میدیاکانی حزبەکەیەوە بڵاوبوەوە.

هەندێک لە میدیاکانی یەکێتی بەشێوەیەک کاریان لەسەر دروستکردنی قەڵاکەی کوێخا دێرین دەکرد، وەك ئەوەی قەڵای فریادڕەسان بێت، بەڵام ڕۆژی دووشەممە هەر ئەو میدیایانە بەشێوەیەک کاریان لەسەر ڕووداوەکە کرد، وەك ئەوەی قەڵاکە پەڵەیەکی ڕەش بوبێت بە سلێمانی و مێژووەکەیەوە.. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، دوو ساڵ بەر لە ئێستا کە کوێخا دێرین عوزێری ئەو قەڵایەی بنیاتنا، بۆچی بەرپرسانی یەکێتی ڕێگرییان لێنەکرد؟

بەپێی مادەی 405 - 31ی یاسای سزادانی عێراقی و لەسەر داواکردنی سەرانە و پارە وەرگرتن و هەڕەشە کردن و پاشان بریندارکردنی سەرمایەدارێکی سلێمانی، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کوێخا دێرین دەرکرد، بەڵام کاتێک هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی چوونە ماڵ و قەڵاکەی، ناوبراو هەڵاتبوو.

بەپەرسان و میدیای یەکێتی لە کەیسەکەی کوێخا دێرین باسیان لەوەکرد، ناوبراو سەرانەی لە سەرمایەداران سەندووە و هەڕەشەی لێکردووە، بەڵام ئاخۆ بەرپرسانی یەکێتی پێشتر ئاگاداری هەڕەشەکەی کوێخا دێرین نەبوون؟

لەپاش ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز و بەهۆی هاو هەڵوێستی ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، چاوپۆشیی لە کارەکانی کوێخا دێرین کراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کوێخا دێرین فەرماندەی بەشێک لە لیواکانی کۆسرەت ڕەسوڵ بووە.

قەڵاکەی کوێخا دێرین لەسەر 200 دۆنم بنیاتنراوە، هاوکات هەرکەسێك لەو ناوچەیەدا بەنیازی پڕۆژە بوبێت، کوێخا دێرین ڕێگریی کردووە و وتویەتی ئەو ناوچەیە قەڵەمڕەوی ئەوە، بەڵام لەوکاتەدا یەکێتی هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەو ڕێگرییانەی کوێخا دێرین نیشان نەدەدا...

لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان هاووڵاتیان دابەشبوون بەسەر دوو بۆچووندا، بۆچوونێکیان دەستخۆشی لە بڕیاری ڕوخاندنی قەڵاکەی کوێخا دێرین و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵیدا دەکەن، بەڵام بەشەکەی دیکەی هاووڵاتیان دەپرسن سودی ئەو بڕیارە درەنگوەختە چی بوو لەکاتێکدا ناوبراو ملیۆنان دۆلاری خڕکردوەتەوە، هاوکات ئێستا هەڵاتووە و هێزە ئەمنییەکان ناتوانن دەستگیری بکەن.

ئەحمەد کامیل، ئەو سەرمایەدارەیە کە کۆتایی مانگی رابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقەی لێكرا و گوایە بە فەرمانی كوێخا دێرین بووە بە میدیاکانی وتووە "دوو رۆژ پێش بریندارکردنم زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارم وەکو سەرانە دابووە کوێخا دێرین"... ئەو سەرمایەدارە دەشڵێت پێشتر کوێخا دێرین سەرانەی لە کەسانی دیکەش وەرگرتووە، ئەوەی لێرەدا پرسیارە ڕۆڵی داواکاریی گشتییە بەتایبەت لە کەیسێکی مەترسیداری لەوشێوەیەدا ئاخۆ بۆچی بێدەنگ بووە و بۆچی کاتێک حزب بڕیاردەدات کەسەکە ڕێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر، ئەوکاتەش دادگا و داواکاری گشتیی دێتەسەر خەت..

قەڵاکەی کوێخا دێرین تەختی زەوی کرا، بەڵام هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنووسن: زۆر قەڵای دیکە هەیە تەخت بکرێت، ئاخۆ بەرپرسانی یەکێتی دەتوانن ئەو قەڵایانەش هاوشێوەی ئەوەی کوێخا دێرین، تەختی زەوی بکەن؟