مەسعود محەمەد و میشێل دو مۆنتێن و جاحز

مەلەفی تایبەت

19/02/2024‌ 665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەحمەدی مەلا

ئەم سێ فیگەرە ئەدەبییە لە سێ سەردەمی جیاوازدا سەرهەڵدەدەن، ئەم سێ پەڕەمووچە لە زۆر رووەوە پێکدەکەن.
لە سەدەی هەشت و نۆی زاینییدا دەشێ جاحز وەک وەرچەرخانێکی گرنگ ئەژمار بکرێ، گواستنەوەی کەلەپووری ئاینیی بەرەو وردبوونەوە لە واقیع بخوێندرێتەوە، واتە گواستنەوەی هزری موجەڕەد بەرەو لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ژیان.  جاحز پیاوێکی ئەنسیکلۆپێدی بوو، لە زانستی کەلام قسەی هەبوو، لە زمانەوانی و تەرجەمە بلیمەتانە دەینووسی، لە مرۆڤناسی و سیاسەت و ئەخلاق و مێژوو و  روەکناسی قسە دەکات، لە ئاژەڵناسی و پێشەسازی و تەبع و کارەکتەری مرۆڤ دەدوێ  قسەی زۆر گرنگ لەبارەی زانستی وەرگێڕان دەکات، قسەی قوول لە سەر زمان دەکات. زۆرجار شیعر وەک نموونە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی پەخشانەکەی پێ دابڕێژێ. جاحز دەڵێت هەموو شتێک بە شیعر ناگوترێت و کاتێک باسی شیعری جاهیلی دەکات بە شیعری تازە ناوزەدی دەکات...بەراوردی عەقڵی عەرەبی و یۆنانی دەکات...
فیگەری دووەم میشێل دو مۆنتێن وەک پردێکە لە نێوان جیهانی چاخەکانی ناوەند و دنیای دوای چاخەکانی ناوەند. یەکەم پەخشانووسە لە زمانی فەڕەنسی، گەڕانەوەی بۆ کەلەپوری یۆنانی دێرین و رۆمای دێرین هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی عەقڵی چاخەکانی ناوەند تێپەڕێنێ. مۆنتێن وەکو جاحز باس هەموو شتێک دەکات، زمان، ئاین، شەڕ، شەڕی فیۆدالی، دەوڵەتداریی، پەروەردە، ئەخلاق، مێتۆدی مۆنتێن پشت وردبینی دەبەستێ، وردترین قسە لەسەر کانیبالیسمەکان دەکات، قسە بەرەو حیکمەت ئاڕاستە دەکات، بەڵام حیکمەتێکی میتافیزیکی نا، بەڵکو حیمکەتی پیاوێکی ئەزمووندار. بە "من"ی ئەزموندار یەکەم لاپەڕەی رەشدەکاتەوە.
مەسعود مەحەمەد جاحزانە دەنووسێ، مەسافەیەک دروست دەکات لەگەڵ عەقڵی دینی تاکو ئێستێک بکات لەگەڵ واقیع و وردەکارییەکانی، وردبوونەوەی مەسعود مەحەمەد لە زمانی کوردی هەوڵدانێکی زمانناسە، پشتبەستن بە کەلەپووری عەرەبی، دەیەوێ جەستەی خۆی بخوێنێتەوە. مەسعود محەمەد هەم کۆمەڵناسە، هەم زمانزانە، هەم خوێنەڕی شیعرە، هەم لێکۆڵینەوە لەسەر شیعر دەکات. مێتۆدی مەسعود مەحەمەد وەک مێتۆدی مۆنتێن وایە، پشت بە مێتۆدی زانستی نابەستێ، بەڵکو پشت بەو زەخیرە مەعریفییە دەبەستێ کە خۆی هەڵێهنجاوە. قسە لە سیاسەت، ئەخلاق، فیکری ماددی، دەوڵەتداریی، زمانەوانی دەکات...
ئەم سێ فیگەرە فەیلەسووف نین بە پێوەری ئێستا، بەڵام لەو  سێ قۆناغەی ئەم سێ قەڵەمە دەدوێن، ئەقڵی ئاینی دەگوازنەوە بۆ وردبوونەوە لە وردەکارییەکانی ژیان، واقیعی ماددی بنەمایە نەک تێکستی ئاسمانی...پەخشان دەکەن بە بنەما بۆ بیرکردنەوە...ئەم سێ قەڵە بیرمەندن. سێ قەڵەم پشت لە شیعر دەکەن و باوەش لە پەخشان دەکەنەوە، واتە پشت لە سۆز دەکەن تا باوەش لە بیرکردنەوە بکەنەوە.