عێراق به‌شێك له‌هێزه‌كانى بۆ ناوچه‌یه‌كى هه‌ستیارى هه‌رێم جوڵه‌ پێده‌كات

کوردستان

21/02/2024‌ 2032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ئاگاداریى‌و به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم، شه‌وى ڕابردوو هێزه‌كانى فه‌وجێكى سه‌ر به‌پاسه‌وانى سنورى عێراق، به‌ره‌و سنورى پارێزگاى دهۆك‌و ناوچه‌یه‌كى سورى نێوان سوپاى توركیاو گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ جوڵه‌یان پێكراوه‌.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیاى نزیك له‌په‌كه‌كه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، شەوى ڕابردوو بەشێکى هێزەکانى فەوجى چوارى سەر به‌پاسەوانى سنورى عێراق، بەرەو سنورى دهۆک جوڵەیان پێکراو لەگوندى (سەر زێرى) جێگیرکراون.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، هه‌ر شەوى ڕابردوو له‌كاتى جوڵه‌ پێكردنى ئه‌و هێزه‌ى سه‌ر به‌عێراق، توركیا بەچڕى بۆردومانى چەند ناوچەیەکى سنورى پارێزگاى دهۆکى کردو بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەى خانەنشین شەهیدبون‌و یەکێکى دیکەش برینداربوه‌.

په‌یامنێرى شارپرێس له‌سنورى پارێزگاى دهۆك ئاشكرایكرد، زانیاریى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى پارێزگاكه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتوه‌، كه‌ ئه‌و هێزه‌ى عێراق، بەرەو ناوچەی ئامێدی كه‌وتونه‌ته‌ ڕێ‌و ئێستاش له‌ناحیەی شێلادزێ‌و لەگەلی ڕێکان ماونه‌ته‌وه‌.

لەچەند ڕۆژى ڕابردودا بەرپرسانى تورکیا ژمارەیەک سەردانیان بۆ عێراق‌و هەرێمى کوردستان ئەنجامدا، لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى‌و سەربازیى‌و هەروەها كۆبونه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى‌و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم‌و مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌نجامدا.

وه‌كو له‌په‌یامه‌كه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوى ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ى پێكرا، ئامانجى سەردانى بەرپرسانى تورکیا بۆ عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان، هێرشكردنه‌سه‌ر په‌كه‌كه‌یه‌و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت عێراق‌و هەرێمى كوردستان به‌فه‌رمى بەشداریى ئه‌و هێرشە بکەن، به‌ڵام ئه‌ردۆغان نه‌یشارده‌وه‌، "له‌گه‌ڵ هه‌ولێر نزیكبونه‌وه‌ى ته‌واو هه‌یه‌و كۆبونه‌وه‌كان ئامانجداربونه‌و له‌گه‌ڵ سلێمانیش هیچ به‌ره‌و پێشچونێك ڕوینه‌داوه‌".