سودانی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان كرد

کوردستان

04/03/2024‌ 283 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد، حكومەتی بەغدا بڕی 50 ملیار دیناری بۆ سندوقی ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانكردووە.

ئەمڕۆ سودانی سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای كرد كە لە شنگال بەڕێوەچوو.

 بەگوێرەی بەیاننامەیەكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران، سودانی پیرۆزبایی لە ئەندامانی ئەنجومەن كردووە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی گەل‌و، جەختی لەوە كردووەتەوە كە “ئەنجوومەنی پارێزگاكان وێستگەیەكی تاقیكردنەوەن بۆ ئەوەی حكومەتە خۆجێییەكان ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن”.

هەروەها سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەشكرد، "ناوچەكە پێویستی بە هەوڵی دوو هێندە هەیە بەهۆی ئەو وێرانكارییەی بەهۆی تیرۆرەوە تووشی بووە و هەروەها بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هاووڵاتیان".

سودانی ڕوونیشیكردەوە، حكومەتی فیدراڵ پابەندە بە پاڵپشتیكردنی حكومەتە خۆجێیەكان و ئەولەویەتی پارێزگاكان دوور نییە لە ئەولەویەتەكانی حكومەت، لە خزمەتگوزاری، دابینكردنی هەلی كار، چارەسەركردنی هەژاری، و چاكسازیی ئابووری.