هێمن هەورامی بۆ شارپرێس: دادگای فیدراڵی بڕیاری دیكەی بەدەستەوەیە تا هیچ شتێك لە هەرێم نەهێڵێت

کوردستان

21/03/2024‌ 1878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
 
شارپرێس:

هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس كە ئەمشەو پەخشكرا رایگەیاند، پێشتر دادگای فیدراڵی چەند بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە و ئێستاش بڕیاری دیكەى بەدەستەوەیە تا هیچ شتێك لە هەرێم نەهێڵێت.

هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئێمە حیزبێكی بەرپرسیارین، كێشەمان لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو باش بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە، بەڵام بە بڕیاری دادگای دەستووری نەبێت كە پێشتر بڕیاری دیكەی دەركردووە و ئێستاش بڕیاری دیكەی بە دەستەوەيە تا هیچ شتێك لە هەرێمی كوردستان نەهێڵێـت".

هەروەها دەڵێت "شەڕی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە شازدەی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكردووە، تا ئێستاش بەردەوامە ئێستا بە یاسایی و ئابووری، هەندێك لایەنیش كە هاندراون كێشەی ناوخۆیی هەرێمیان بردووەتە دادگای فیدراڵی".

هێمن هەورامی ئاماژە بەوەش دەكات، پێشتر زۆر لایەن و كەس كە سەرۆكی حیزبیشیان لەنێودابوو دەیانگوت نەوت رادەست بكەن بودجە و مووچە و هەموو شتێك دێت، ئێستا چی وەڵامی خەڵك دەدەنەوە، ئەوەی هەیە، شەڕی بوونە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵاتدارانی بەغدا شەڕەكەیان لەگەڵ قەوارەی هەرێمی كوردستانە نەك پارتی، بەڵام بۆیە پارتی دەكەنە ئامانج تا قەوارەكە نەمێنێت، قەوارەی هەرێمی كوردستانیش نابێت لە پارتیدا كورت بكرێتەوە، قەوارەی هەرێم زۆر گەورەترە.

لەبارەی بایكۆتی مامۆستایان لە سنوری سلێمانی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی رایگەیاند، بەشێكی زۆری بایكۆتەكان لە سلێمانی سیاسی بوون بینرا چۆن لە 24 كاتژمێردا كۆتایی پێهات و ئێستا لەوانە هەن كاندیدن و لیستیان هەیە، لەگەڵ  ئەوەشی داواكاری مامۆستایان رەوایە.

هەروەها هەورامی بەوردی باسی لە بڕیارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش كرد و دەڵێت "هێشتا هەڵبژاردن دەستیپێنەكردووە 13 كورسیان لە پارتی بردووە، لە بازنەی هەڵەبجە سێ كورسیان داناوە، لەكاتێكدا بەپێی ژمارەی دانیشتووانەكەی دەبێت شەش كورسی هەبن،  كۆمسیۆن دەڵێت 400 هەزار كەس كێشەی پەنجەمۆریان هەیە،20 هەزار دەنگی ئێمە لەسلێمانی پەنجە مۆریان نییە، خۆم ناتوانم دەنگ بدەم،  لە دهۆك و هەولێر خەڵكی ئێمە هەیە ناتوانێت دەنگ بدات".

هێمن هەورامی لەسەر پەیوەندییەكانی پارتی و ئێران دەڵێت "ئێران دەوڵەتێكی گرینگە لەناوچەكە سنوورێكی درێژمان لەگەڵی هەیە لە دوای ساڵی 1979 هەڵوێستەكانی ئیمام خومەینی و بەرامبەر كیمیابارانی هەڵەبجە لەبیر ناكەین، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵیدا لەسەر بنەمای رێزگرتنی دراوسێیەتی و دەستوەرنەدان لەكاروباری یەكدی و ئابوورییەكی بەهێز بێت و دۆستی یەكدی بین، بەڵام بەوجۆرە نا هەرچی ئێران لە عێراق و ناوچەكە گوتی پارتی بڵێت بەسەرچاو، نابێت پارتیش رێگابدات هەرێم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران، بەڵام ئێران بە ناوی مۆساد هێرش دەكات و غەدر دەكات".
 
لەبارەی توركیاشەوە دەڵێت "توركیا نەهاتووە لەنێو شاری هەولێر بۆردومان بكات، هەموو جارێكیش سەركۆنەی هێرشەكانی توركیامان كردووە لەسەر كوشتنی سڤیل، بەڵام پەكەكە بیانووی داوەتە دەست لە هەندێك ناوچە حكومڕانی دەكەن".

بەپەلە