دەستپێشخەرییەکانی سودانی نەیتوانی قەیرانی کەرکوک چارەسەربکات

کوردستان

25/03/2024‌ 1381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی کوتلەی عەرەبیی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاندوە، دۆخی کەرکوک هێشتا ئاڵۆزەو دەستپێشخەرییەکانی محەمەد شیاع سودانی نەبۆتە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانەکە، هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە پارێزگاری ئێستا لەپۆستەکەیدا بەردەوامبێت.


محەمەد ئیبراهیم ئەندامی کوتلەی عەرەبیی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندوە، هەموو لایەن‌و پێکهاتەکان لەسەر هەڵوێستی خۆیان سورن، بەشێوەیەک پێکهاتەی کوردی جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەکەنەوەو دەڵێن ئەوان زۆرینەن، بەڵام ناتوانن لەڕێگای دەنگدان لەناو ئەنجومەنی پارێزگار پۆستەکە بەدەستبهێنن، بەوپێیەی نۆ کورسییان پێ کۆناکرێتەوە.

هەروەک وتویەتی:"بەرژەوەندیی کەرکوک لەوەدایە پارێزگاری ئێستا لەپۆستەکەیەدا بمێنێتەوە لەپێناو سەقامگیریی‌و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوارییەکان، هەروەک پێکهاتەکانی تریش بەشداریی لەپۆستە سەرەکییەکانی تردا بکەن".

ئاشکراشیکردوە، کۆبونەوەی دیکەش هەن کە لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتدا ئەنجامدەدرێن بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان‌و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە، کە دەبێت بەخێرایی یەکلایی بکرێنەوە، چونکە ئەو دۆخەی ماوەتەوە بەبێ پێکهێنانی حکومەت لەبەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.