مامۆستایانی ناڕازی: دەرفەت بە هیچ لایەنێک نادەین دژایەتی عێراق و دامەزراوەکانى بکات

کوردستان

27/03/2024‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

دەستەی داکۆکی لە فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، دەرفەت بە هیچ لایەنێک نەدەن دژایەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکان بکەن و دەشڵێن: کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دەبێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە بێت و هەژماری من” ڕەتدەکەینەوە.

لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، دەستەی داکۆکی لە فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕایانگەیاند، لە دوێنێوە بانگەشەیەکی ڕاگەیاندن دەستپێکراوە، مژدەکەیان دوای حەوت مانگ لە نەدانی مووچە، ئازادکردنی مووچەی مانگی شوباتە کە ٢١ ڕۆژە دەستی بە سەردا گیراوە.

دەستەی داکۆکی لە فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن: داواکارییەکانمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە دەرفەت بە هیچ لایەنێک نەدەن دژایەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکان بکەن، هەوڵی لە کەدارکردنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەدەن و سوکایەتی بە بڕیارەکانیان دەکەن.

جەختیان لەوەشکردەوە، پێویستە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران تەنها لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە بێت، چونکە متمانەمان بە هیچ بانکێکی حزبی نییە و “هەژماری من” ڕەتدەکەینەوە.