لە ئیدلیبەوە بەرەو بادینان، سوپا جیهادییەکەی ئەردۆغان لە هەرێمی کوردستان

کوردستان

31/03/2024‌ 3863 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئامادەکردنی: شارپرێس

لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئێستا تورکیا لە سەر ناوی جیاواز، وەکو "بروسک"، "چنگ هەڵۆ"، "چنگ قفڵ" و هتد بە بیانۆی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە سنووری سیدەکانەوە بگرە تا زاخۆ بە درێژایی زیاتر لە ٣٠٠ کم و بە قۆڵایی ٢٠ تا ٣٠ کم بەبێ راوەستان بەردەوام بوون. بەڵام پەرەسەندنەکانی  پاییز و زستانی ڕابردوو لە هەرێمەکانی ئۆپەراسیۆنەوە نیشانیاندا کە سوپای تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنانەدا سەرکەوتوو نەبووە و تا دێت زیانەکانی زیاتر و زیاتر دەبێت.

دیمەنی شەڕی دەستەویەقەی گەریلا لەگەڵ سەربازەکانی سوپای تورک و ڕاماڵینی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە لایەن گەریلاوە تورکیای تووشی شڵەژانێکی گەورە کرد. تورکیا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە بە تەنیا ناتوانێت شەڕی گەریلا بکات و هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ ئەم ئامانجە بەس نیین.  

هەربۆیە ناچار بوو چەند بڕیارێکی دیکەی ستراتیژی وەربگرێت. یەکێک لەم بڕیارە ستراتیژییانە دانی ئیمتیاز بوو بە ئێران و عێراق تا ئەم دوو وڵاتە و هێزە پرۆکسییەکانی گرێدراوی ئەم دوو وڵاتە بەشداری شەڕ ببن لە دژی گەریلا. ناردنی هێزی پاسەوانی سنوور لە سیدەکانەوە بگرە تا ئامێدی و دێرەلووک لەم چوارچێوەیەدا بوو. بە پێ چاودێرییەکانی شارپرێس لە هەرێمەکەوە، تورکیا بۆ ئەوەی کە رێگری لە چالاکی گەریلاکان لە سەر خاڵە ستراتیژییەکانی سوپای تورکیا لە قۆڵایی خاکی هەرێم بکات، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە سەر ڕێگاکان و ناو دۆڵەکان جێگیر کردووە بۆ ئەوەی نەهێڵن دەستی گەریلا بە بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە شوێنە ستراتیژیەکان بگات.

تورکیا دەزانێت پەکەکە خۆی لە شەڕکردنی راستەوخۆ لەگەڵ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەپارێزێت. لەم واتایەکەدا هێزی پاسەوانی سنووری عێراق و هێزی پێشمەرگە لە کردەوەدا  و لە سەر عەرزی واقیع وەک هێزێک بۆ پاسەوانی کردن  و پارێزگاریکردن لە هێزەکانی تورکیا ڕۆڵ دەگێڕن و هەرێمێکی تامپۆن لە نێوان گەریلا و سوپای تورکیا دروست دەکەن و هەرێمەکانی مانەوەی گەریلا گەمارۆ دەدەن کە نەتوانن خواردن و پێداویستی سەربازی بۆ خۆیان دابین بکەن. 

شارپرێس ساڵی ڕابردوو ئەم راستییەی لە دەوروبەری قەزای ئامێدی  بە بەڵگە و ڤیدیۆوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کردبوو. ئێستاش لە "گەلی شێرانی" لە هەرێمی شێلادزێ و دێرەلووک هەمان شت بەردەوامە.

کاتێک کە لە پاییز و زستان ڕابردوو بەدەیان تەرمی سەربازی سوپای تورکیا گەڕێندرانەوە ئەو وڵاتە، ئەمە مشتۆمڕێکی زۆری لە ناو کۆمەڵگا و سیاسەتی تورکیادا دروست کرد تا ئەو ئاستەی کە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا و تەنانەت ژەنەڕاڵە خانەنشینەکان پێشنیاریان کرد تورکیا لە هەرێمی کوردستان پاشەکشە بکات و ئێدی پێویست ناکات سەربازی تورک بە کوشت بدرێت. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەزانن کە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، زیانەکانیان لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان تا دێت زیاتر و زیاتر دەبێت. کوشتنی هەر سەربازێکی تورک لە دەرەوەی تورکیا کاردانەوە لە ناو تورکیادا دروست دەکات. هەربۆیە تورکیا ستراتیژی ئۆپەراسیۆنەکانی لە قۆڵایی خاکی باشوری کوردستان گۆڕیوە. تورکیا پلانی داناوە کە ئەو بنکانەی کە تا ئێستا دروستی کردووە، لە ڕێگەی پاسەوانی سنووری عێراقییەوە و پێشمەرگەکانی پەدەکەوە بیانپارێزێت و بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هێڕشی نوێ بە سەر مەتینا و گاری، هێزی بەکرێگیراوی خۆی بەکار بهێنیت. بۆ ئەم مەبەستەش مەشق و ڕاهێنانێکی زۆری هەم بە هێزی رۆژ و هەم بە هێزە جیهادییەکانی گرێدراوی خۆی لە ئیدلیبی سوریا کردووە و بۆ شەڕی دژ بە گەریلا ئەم هێزانە بەرە بەرە دەگوازێتەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی باشوری کوردستان.

بە پێی زانیارییەکانی شارپرێس کاروانێکی پێکهاتوو لەم هێزانە کە لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکدەهات لە ڕۆژی ١١ی ئاداردا لە دەروازەی سنووری سەرزێڕێ داخڵی خاکی باشوری کوردستان بوون و لە "گری گاڤنێرکە" گرێدراوی کانی ماسی جێگیر کراون. هەروەهای   کاروانێکی ٥٠ ئۆتۆمبێلی لەم هێزانە لە رۆژی ١٢ی ئاداردا لە گوندی دەشتانی چەلێ باکووری کوردستانەوە جووڵەیان پێکراوە و لە سنووری سەرزێڕێەوە داخلی خاکی باشوری کوردستان بوون و لە بنکەکانی سوپای تورکیا لە دەوروپشتی کانی ماسی و بەتایبەت لە "گرێ  بارۆخێ" جێگیر کراون. لە سنووری سیدەکانیش کاروانێکی ٥٠ ئۆتۆمبێلی لەم چەتانە داخڵی خاکی باشوری کوردستان بوون و لە مەقەڕی ٢٠ داڵدە دراون. ئەمانە هەموویان پێشتر ئەندامی ئەلقاعیدە و ئەحراری شام بوون کە پێشتر لە ئەفغانستان و سوریا شەڕیان کردووە. بە پێ ئەو زانیارییانە دەستی شارپرێس کەوتووە بەرپرسی ئەم جیهادییانە کەسێکە بەناوی ئەبوسەیف کە پێشتر لە ناو تالیبانی ئەفغانستاندا بووە.  تورکیا بۆ شاردنەوەی هەموو ئەم هێزانە، کەلوپەل و جلوبەرگی سوپای تورکیای لە هەمووان کردووە بۆ ئەوەی کە ئاشکرا نەبن و لەناو خۆی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردانەوە دروست نەبێت. 

ئامانجی تورکیا لە بەکار هێنانی ئەم هێزانە چییە؟ یەکەم، پێشتر لەشکری تورکیا بە پشتیوانی درۆن شەڕی دەکرد. چاودێری درۆن لە سەر هەرێمی شەڕ دەبووە هۆی ئەوەی کە زیانەکانی سوپای تورکیا کەم ببنەوە و زیانی گەریلا زیاتر بێت. بەڵام ئێستا کە گەریلا چەکی دژە درۆنی دروست کردووە ئێدی سەربازی تورکیا ناوێرێت وەکو جاران لە قۆڵایی دۆڵ و شاخەکاندا جووڵە بکات. هەر بۆیە ئەم هێزانە بەکار دەهێنێت کە لەئەگەری کوژران و لەناوچوونیان شتێکی زۆر لە سەر سوپا و سیاسەتی تورکیا ناکەوێت. 

دووەم، گەریلا بە شەڕی تۆنێل توانیوویەتی باڵادەستی تورکیا لە بواری هێزی ئاسمانی و فڕۆکە و چەکی قورسدا بێکاریگەر و بێ واتا بکات بەو جۆرەی کە تورکیا چەندەش بۆردمان بکات، گەریلا زیانێکی ئەوتۆی پێناگەیەت. لێرەدا گرەنگی شەڕی دەستە و یەقە لە مەودای نزیکدا دەردەکەوێتە پێش. سەربازی تورکیاش کە تا ئێستا لە سایەی درۆندا و بە تەکنەلۆژیا شەڕی دەکرد، خۆی لە قەرەی ئەم جۆرە شەڕە نادات. هەربۆیە بۆ شەڕی لەم جۆرەیە ئەم هێزانە بەکار دەهێنێت کە هەموویان پاشخانێکی داعشییانی هەیە ئەزموونێکی باشیان لە شەڕی مەودا نزیک و شەڕی ئەشکەوت و تۆنێلدا هەیە، لە عێراق و سوریا و ئەفغانیستان. تورکیا ئەم هێزانەی لە شەڕەکانی لیبیا، سوریا و ئازەربایجان-ئەرمەنستان بەکار هێناوە و توانیوویەتی ئەنجام بگرێت. ئێستا کە شەڕی لیبیا و ئەرمەنستان تا ڕادەیەک راوەستاوە، تورکیا ئەم هێزە لە کوردستاندا بەکار دەهێنێت. 

سێیەم، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤وە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکان رۆژ دەکات و لە زۆر شەڕدا هەم لە سوریا و هەم لە لیبیا بەشداری پێیان کردووە. ئەمجارەش دەیەوێت ئەم هێزە لە بەرامبەر گەریلادا بەکار بهێنیت. تورکیا دوو لیوای لە هێزەکانی رۆژ و ئەنەکەسە ئامادە و پڕچەک کردووە. چۆنکە لە ئەنجامدا کورد بە دەستی کورد بە کوشتن دەدات و لە تورکیا شتێک کەم نابێتەوە. 

چوارەم، تورکیا هەموو هەوڵدانی ئەوەیە کە عێراق پەکەکە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنیت. بەڵام لە کاتی ئێستا دا هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم کارە لەبەردەستدا نییە. تەنانەت، وەکو چوون لە نموونەی شەنگالدا، پەکەکە هاوکاری سوپای عێراقی کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش و تەنانەت سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، حەیدەر عەبادی بە فەرمی سوپاسی پەکەکەی کرد کە توانیویەتی ئێزیدییەکان لە کۆمەلکوژی رزگار بکات. هەربۆیە تورکیا هەوڵ دەدات بە هەر شێوەیەک دەبێت، گەریلا و سوپای عیراق بە گژ یەکدا بدات و لە هەر شوێنێک دەبێت چەند هێزیکی عێراقی بە کوشتن بدات بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەی بۆ بچیتە سەر و عێراقیش تێوەبگلێنێت لە شەڕی دژ بە گەریلادا. ئەمە هەم بو کورد و هەم بۆ عێراق زەرەرە، بەڵام لە هەموو لایەکەوە بۆ تورکیا قازانجە، ،هەم قازانجی سیاسی و هەم قازانجی سەربازی. 

هەربۆیە بەم هەموو جیهادی و مورتەزەقەوە، پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بکەین کەی تۆرابۆرایەکی دی لە ژێر چەتری ناتۆدا ئەم جارە نەک لە ئەفغانستان بەلکۆ لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات.