شارپرێس:
سەرچاوە سیاسییە عێراقییەکان ئاشکرایانکرد، حکومەتی عێراق دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەرانو پیران لەلایەن دیموکراتەکانەوە، ئاراستەی کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی نوێ لەگەڵ سەرکردایەتییە دیموکراتەکان لەواشنتۆن دەجوڵێت، لەهەمانکاتدا بڕیاری هەندێک دۆسیەی سیاسییو ئەمنیی هەستیار دوادەخات.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى (ئیرەم نیوز) ئاشكرایكردوه، حکومەتی عێراق گفتوگۆی ناوخۆیی دەربارەی قۆناغی داهاتوو دەکاتو ڕاوێژکارانو کەسایەتییە نزیکەکانی بازنەی بڕیاردانی ڕاسپاردوە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆنگرێسی نوێو ئامادەکردنی پەیامو تێگەیشتنی سیاسیی لەگەڵ دیموکراتەکان بخوێننەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە وتویەتی، بەغدا هەوڵدەدات گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەواشنتۆن بقۆزێتەوە بۆ دوبارە کردنەوەی گفتوگۆ لەسەر دۆسیە ناکۆکییەکان، بەتایبەتی داماڵینی چەک لەگروپە چەکدارەکانو سزاکانی ئەمریکاو کۆتوبەندکردنی مامەڵە بانکییەکان لەگەڵ ئێران.
ئەوەش هاتوە، "بەغدا هەوڵدەدات کۆنگرێسی ئەمریکا قایلبکات کە جیاوازیی بکات لەنێوان ڕەتکردنەوەی بونی چەک لەدەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتو سەپاندنی کاتی دیاریکراوی توند کە دەکرێت ببێتە هۆی پێکدادانی ناوخۆیی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، حکومەت سیاسەتی خۆپاراستن لەبڕیاردانی هەستیار پەیڕەو دەکات، تاوەکو سروشتی پەیوەندیی نێوان کۆشکی سپییو کۆنگرێسی نوێ ڕون ببێتەوە، بەشێوەیەک بەغدا نایەوێت هەنگاوێک بنێت کە وەک هاوپەیمانیی تەواو لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، یان ئاڵنگاریی ڕاستەوخۆی بۆ ئەو ئیدارەیە لێکبدرێتەوە.
لەبەرامبەردا، واشنتۆن هۆشداریداوە کە ئەگەر تا کۆتایی حوزەیرانی 2027 هەنگاوی بەرجەستە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک نەبینرێت، ئەوا دەکرێت سزای توند بەسەر بەغدادا بسەپێنێت، هەروەک هۆشدارییە ئەمریکییەکان لەبارەی ئەگەری بەشداریی عێراق لەململانێیەکی ناوچەیی نوێ لەگەڵ ئێرانیش بەردەوامن.
لەدۆسیەی داراییەوە، سەرچاوەکان جەختیانکردوهتەوە، بەغدا چاوەڕێی کەمبونەوەی بنەڕەتیی کۆتوبەندەکانی ئەمریکا ناکات، چونکە چاودێریی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بەسەر گواستنەوەی پارە، قاچاخی دۆلارو کەرتی بانکیی عێراقدا، بەشێکە لەسیستەمێکی دامەزراوەییو بەگۆڕانی پارتە کۆنترۆڵکەرەکانی کۆنگرێس ناگۆڕێت.
