شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە ئهمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە ئاشكرایكردوه، ئیسرائیل بەبڕی چەندین ملیار دۆلار کەرەستەو چەکی سەربازیی لەدەرەوەی ئەو بڕە پارەیەی واشنتۆن بەڵێنی پێدابوو، لەئەمریکا کڕیوە، ئەمەش کێشەیەکی دارایی گەورە بۆ ئیدارەکەی دۆناڵد ترهمپ دروستدەکات کە دەیەوێت هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل ڕابگرێت.
ڕاپۆرتەکە پشتی بەبەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەستوە کە ڕادەستی کۆنگرێس کراوەو تێیدا وردەکاریی ئەو قەرزەو پاشەکشەی کۆمارییەکان لەهەڵبژاردنەکانی دوێنێدا خراوەتەڕوو.
10 ملیار دۆلار کورتهێنان دوای ساڵی 2028
بهگوێرهى بەڵگەنامە فەرمییەکە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا تاساڵی 2028 (کاتی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئێستا) بەردەوامبێت لەپێدانی هاوکارییەکان، ئیسرائیل پێویستی بە10 ملیار دۆلاری زیادە دەبێت بۆ پارەدانی ئەو چەکانەی کە ئێستا داوایکردونو هێشتا پارەکەی نەدراوە.
خواکین کاسترۆ نوێنەری دیموکراتەکان لەکۆنگرێس ڕایگەیاندوه، "پرسیارەکە ئەوەیە کێ پارەی ئەم 10 ملیار دۆلارە دەدات؟" بەوپێیەی ئەم بڕە دەبێت یان لەڕێگەی هاوکاری نوێی ئەمریکاوە بدرێت، یان ئیسرائیل لەبودجەی خۆی بیدات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە واشنتۆن لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی سەردەمی ئۆبامادا ساڵانە 303 ملیار دۆلار هاوکاری دەداتە ئیسرائیلو لەساڵی 2024یشدا 26 ملیار دۆلاری دیكهى وەک هاوکاریی فریاگوزاری بەهۆی شەڕی غەزەوە پێداوە.
پلانی ترەمپ بۆ بڕینی هاوکارییەکانو کاردانەوەی جی دی ڤانس
دۆناڵد ترهمپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بەنیازی کۆتایهێنانە بەهاوکارییە ڕاستەوخۆکان بۆ ئیسرائیل، ئەمەش بەرپرسانی ئەمنی تەلئەبیبی توشی شۆک کرد، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانی دیموکرات، بەتایبەت سناتۆری نوێی میشیگن (د.عەبدولڕهحمان سەید) کە یەکەم موسڵمانە چوهتە سێناتو داوای بڕینی هاوکارییەکانی ئیسرائیلی دەکرد.
هاوکات، جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس دانی بەوەدا نا، شەڕی دژی ئێرانو جۆری پهیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، هۆکاری سەرەکی بون بۆ ئەوەی دەنگدەران لەهەڵبژاردنەکانی دوێنێی کۆنگرێسدا سزای پارتی کۆماری بدەنو دەنگیان پێنەدەنەوە.
گۆڕینی شێوازی هاوکارییەکان بۆ بەرهەمهێنانی هاوبەش
لەبەر ڕۆشنایی ئەم کێشە داراییانە، یاسادانەرانی ئەمریکا کار لەسەر یاسایەک دەکەن بۆ گۆڕینی شێوازی هاوکارییەکان لە"بەخشینی دارایی ڕاستەوخۆ"وە بۆ "وەبەرهێنانی بەرگرییو گەشەپێدانی هاوبەشی تەکنەلۆژیای سەربازیی" (هاوشێوەی سیستمی دژە موشەکی قەڵغانی ئاسنین)، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە نوێیە کێشەی دەستبەجێی چەکی ئیسرائیل چارەسەرناکات، چونکە تەلئەبیب هێشتا پێویستی بەدابینکردنی بەردەوامی هەزاران بۆمبو کڕینی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی جۆری F-35 هەیە لەئەمریکا، ههرهك بهگوێرهى ئامارەکان، ئەمریکا لەساڵی 1948 تا مایسی 2025، بەبڕی 174 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی پێشکەشی ئیسرائیل کردوە.
جۆش پۆڵ بەرپرسی پێشوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوه، بڕینی دەستبەجێی هاوکارییەکان لەکۆتایی ئەمساڵدا مەحاڵە، چونکە پابەندییە داراییەکانی پێشتر کە کۆنگرێس پەسەندیکردون، ڕێگردەبن لەهەر بڕیارێکی خێرا لەو شێوەیە.
