دارایی هه‌رێم: ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارە بۆسەر هەژماری موچەخۆران دەكەوێتە ڕۆژی یەكشەممە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، كە تەواوی پارەی موچەی مانگی دەی موچەخۆرانی هەرێم تەمویلكراوەو خراوەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەت.

 
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، كەبڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەك تەمویلی موچەی مانگی (تشرینی یەكەم/10)ی موچەخۆران گەیشتۆتە سەر هەژماری بانكییەكانیان.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا ڕایگەیاند،  دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەك تەمویلی موچەی مانگی (تشرینی یەكەم/10)ی موچەخۆران خرایە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردو بەغدا بڕی 120 ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی، لەگەڵ زیاتر لە 4 ملیار و 476 ملیۆن دیناری شایستەی خانەنشینان لە كۆی گشتیی پارەكە بڕیوە.

وەزارەتی دارایی ڕونیكردەوە كە بەهۆی گەیشتنی پارەكە لە كۆتایی دەوامی فەرمیدا، تەواوكردنی ڕێكارەكان دەكەوێتە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە بە سیستەمی (ACH) ڕۆژێكی تەواوی دەوێت و ڕۆژانی هەینی و شەممەش لە بانكی ناوەندی پشوی فەرمییە، سەرجەم ڕێكارەكانی خستنەسەر هەژماری فەرمانبەران دەكەوێتە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، "هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی موچەی سەرجەم موچەخۆران بڵاودەكرێتەوە، بەڵام تەواوكردنی ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری موچەخۆران بەهۆی پشوی فەرمیی بانكی ناوەندیی عێراق دەكەوێتە ڕۆژی یەكشەممە".