پارتی له‌یەکەم پەیامیدا یه‌كێتیى‌و نه‌وه‌ى نوێ به‌كه‌مینه‌ى خۆسه‌پێن ناوده‌بات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە وەک یەکەم کاردانەوەو پەیامی فەرمی ئەو حزبە دادەنرێت لەدوای کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پەرلەمان بۆ ماوەی دوساڵ بوو بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەرکردایەتی یەکێتیی‌و نەوەی نوێ پەکخرابوو، ئەمڕۆ بەئامادەبونی زۆرینەی پەرلەمانتاران، کۆتایی بەو بۆشاییە یاساییەو خۆسەپاندنی کەمینەیەکی سیاسیی هێنرا".


پارتی لەم پەیامەیدا وێڕای پیرۆزبایی لەدەستەی سەرۆکایەتی نوێ، پرۆسەکە بە"یاسایی‌و دیموکراتی"و هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم دادەنێت، لەهەمانکاتدا به‌توندی هێرشدەکاتەسەر سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

وتەبێژی پارتی ڕایگەیاندوە، "پەرلەمان بۆ ماوەی دوساڵ بوو بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەرکردایەتی یەکێتیی‌و نەوەی نوێ پەکخرابوو، ئەمڕۆش بەئامادەبونی زۆرینەی پەرلەمانتاران کۆتایی بەو بۆشاییە یاساییەو خۆسەپاندنی کەمینەیەکی سیاسیی هێنرا".

لەڕاگەیەندراوەکەیدا پارتى ده‌ڵێت، "پرۆسەی ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوە سەرکەوتوە کە هەڕەشەی زۆر لەهەندێک پەرلەمانتارو کەسوکاریان کراوە، پارتی ئەمە بەئاماژەیەکی مەترسیدارو دەرەنجامی عەقڵییەتێک دەزانێت کە خزمەت بەدیموکراسی ناکات".

وتەبێژی پارتی جەختدەکاتەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی هیچ کەس‌و لایەنێک نییە، ئومێدیش دەخوازێت، فراکسیۆنی لایەنەکانی دیکەش بڕیاری ئەرێنی بدەن‌و بێنە ناو پەرلەمان بۆ پاراستنی شەرعیەتی هەرێم.

پارتی لەکۆتایی پەیامەکەیدا داوا لەهەمولایەک دەکات، ڕێز لەئیرادەی زۆرینە بگرن‌و ڕایدەگەیەنێت، "پەرلەمان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستان‌و فاکتەری یەکڕیزیی ناوخۆییە لەم قۆناغە هەستیارەدا".