شارپرێس:
قەیرانی ئابورییو نەوتیی نێوان حکومەتی فیدراڵیی بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی قورسی بەخۆوە بینی، پاشئەوەی بەغدا چوار مەرجی نوێی بۆ بەردەوامیی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەرکرد، ئەم مەرجانە کە هاوکاتن لەگەڵ پێشبینیی دەرکەوتنی تەنگژەیەکی قورسی دارایی لەعێراقدا بۆ ساڵی داهاتوو، پرسیاری ئەوە دەهێننە ئاراوە کە ئایا مانگی هەنگوینیی نێوان بەغداو هەولێر بەتەواوی کۆتایی پێهاتوە؟
چوار مەرجەکەی بەغدا بۆ بەردەوامیی موچە
بهگوێرهى زانیارییهكانى بەهجەت ئەحمەد پسپۆڕى ئابوریی بەغدا چوار مەرجی سهرهكى بۆ بەردەوامیی ناردنی موچە (نەک بودجە) جێگیرکردوە ئهوانیش، (ڕادەستکردنی ڕۆژانەی 445 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەلایەن هەرێمەوە بەکۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ، ڕادەستکردنی تەواوی داهاتە ناوخۆییە غەیرە نەوتییەکانی هەرێم بەوەزارەتی دارایی فیدراڵی، دابینکردنی غازی سروشتیی زیادە لەپێداویستیی هەرێم بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق بەشێوەیەکی خۆڕاییو قەدەغەکردنی ئیمزاکردنی هەر جۆرە گرێبەستێکی نوێی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەختی وەزارەتی نەوتی بەغدا".
دۆسیەی قاچاخچێتیو ڕێگریی لەبارهەڵگرەکان
د.غالب محەممەد پهرلهمانتارى عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق بەههماههنگى لەگەڵ تورکیا، پڕۆسەی قاچاخچێتیی ڕۆژانەی نەوتی لەدهۆکەوە بەرەو سنورەکانی تورکیا ڕاگرتوه، بەبڕیاری عەلی زەیدییو پاش ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، جوڵەی 300 بارهەڵگری نەوتی قاچاخ ڕاگیراوە.
ئهو پهرلهمانتاره دهڵێت، "بەغدا زانیاریی تەواوی هەیە کە هەرێم ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، هۆشداریشدراوه، ئەگەر 400 هەزار بەرمیلی ڕادەستنەکرێت، ناردنی پارەی موچە بەتەواوی ڕادەگیرێت، ڕەخنەشمان ههیه کە هەرێم تەنها 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەداتە بەغدا لەکاتێکدا تەنها داهاتی کارەبا 100 ملیارو داهاتی دەروازە سنورییەکانیش زیاتر له300 ملیار دینارە کە ناچێتە خەزێنەی گشتییەوە".
پارادۆکسی ئامارەکانو تێڕوانینی پارتی
ڕۆژنامهى (العالم الجدید) ڕاگهیهنراوێكى وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمى بڵاوكردوهتهوهو دهڵێت، "ئەو ئامارانە چەواشەکاریی ڕای گشتینو بهگوێرهى داتای کۆمپانیاکانیش، بەرهەمهێنانی ئێستای هەرێم تەنها 255 هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکداو لەباشترین دۆخدا لەساڵی 2027 دەگاتە 308 هەزار بەرمیل، ئەویش بەمەرجی دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا جیهانییەکان".
سەباح حەسەن هاوكات ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، هەر جۆرە دواخستنو نهناردنێكى موچە پێشێلکردنی بڕیاری پێشوی دادگاى فیدراڵییە، چونكه فەرمانبەرانی سۆمۆو وەزارەتی نەوت خۆیان لەناو کێڵگەکانی هەرێمدانو دەزانن قاچاخچێتی بونی نییە، تۆمەتبارکردنی هەرێمیش تەنها بۆ بەئامانجگرتنی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە هەرێم 50٪ی داهاتی ناوخۆی ڕادەستکردوەو بەغداش چەندین ساڵە تەنها پارەی موچە دەنێرێت نەک بودجه بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی".
کێشەی غازو گرێبەستەکان
ئەحمەد ئەمین شارەزای بواری وزە ئاماژە بەوەدەکات، بەغدا بەهۆی پاڵپشتیی ئەمریکاو بەهێزبونی پێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیادا، چیتر کێشەکەی تەنها لەسەر نەوت نییە، بەڵکو چاوی بڕیوەتە غازی سروشتیی کێڵگەی کۆرمۆر، دەیەوێت ئەو غازەی پێشتر کۆمپانیای دانهغازی ئیماراتی بەوەزارەتی کارەبای فیدراڵی دەفرۆشت (بۆ بەرهەمهێنانی 1400 مێگاوات)، لەمەودوا بەشێوەیەکی خۆڕایی ڕادەستی ناوەندی وزەی فیدراڵی بکرێت، تاوەکو بەتەواوی کۆتایی بەسەربەخۆییی ئابورییو وزهى هەرێم بهێنێت.
مەلەفی نەوتی هەرێم لەئاداری 2023وە پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەپاریسو ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، توشی بنبەست بوو، سەرەڕای ئەوەی لەئەیلولی 2025دا ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە واژۆکرابوو.
