شارپرێس:
هاوسەرۆكی دەم پارتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا (MA) هۆكاری گۆڕینی شوێنی عەبدوڵا ئۆجالان ئاشكرادەكات.
تولای حاتەم ئۆغوللاری دەڵێت "گواستنەوەی بەڕێز ئۆجالان بۆ خانووە نوێیەكە هەموو شتێك نییە؛ بەڕێز ئۆجالان خۆی بۆ ماوەیەكی درێژ سەرەڕای تەواوبوونی بیناكە ئامادە نەبوو بچێتە ئەوێ و هەڵوێستی نیشان دا، چونكە ڕایگەیاندبوو كە نایەوێت تەنیا لە زیندانێكی كۆنەوە بگوازرێتەوە بۆ زیندانێكی نوێ، بەڵكو ئامانجی سەرەكی دەرچوونە لە پشت دیوارەكان."
هەروەها ئۆغوللاری ڕونیكردەوە "مەبەست لە خانووی نوێ لە ڕاستیدا دابینكردنی مەرج و ژینگەیەكی گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ وەك ئەكتەری سەرەكیی پرۆسەكە بتوانێت بە ئازادی كار بكات و لەگەڵ ڕووناكبیران، ڕۆژنامەنووسان، ئەكادیمیاكاران، پارێزەران و لایەنە سیاسییەكان كۆببێتەوە تا پرۆسەی دانوستان و دیالۆگ خێراتر و بەهێزتر ببێت".
دەشڵێت، تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كۆنكرێتی و یاسایی نەنراوە و بەستنەوەی بڕیارەكان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە هەڵەیەكی گەورەیە، "حكوومەت بە جێبەجێ نەكردنی ئەو شتانەی لەسەر مێزی دانوستانن، كات دەكوژێت و سەرقاڵمان دەكات، بۆیە بە تەنیا بە چارەسەركردنی كێشەی خانووەكە چەقبەستوویی پرۆسەكە كۆتاییان نایەت."
