شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کردووە کە تاران تۆڕێکی نهێنیی سەربازیی و دارایی دامەزراندووە، کە زیاتر لە 5000 قەوارە و رووکاری بازرگانیی دەگرێتەوە.
ئەم تۆڕە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە، بە بڕی لانیکەم 2 ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازیی، تەقەمەنیی و کامیۆنی قورسی هاوردە کردووە و توانیویەتی بەربەستی دەریایی ئەمریکا و سزاکانی ڕۆژئاوا تێپەڕێنێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەم قەوارانە بە نهێنیی کار دەکەن و ناوەکانیان بە پیتەکانی "ودجا" دەست پێدەکات، کە کورتکراوەی وەزارەتی بەرگریی ئێرانە. مامەڵەکانیان بە سوپای پاسداران و کۆمەڵە بازرگانییەکانی ناسراو بە "بنیاد"ەوە پەیوەستن، کە لەلایەن دەستەبژێری ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.
لێکۆڵینەوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن سوپای پاسداران دەتوانێت لە کاتێکدا بە هەزاران مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکات، جبەخانەکانی خۆی بەردەوام بەهێز بکات.
لە ماوەی 18 مانگدا، لە کانوونی دووەمی 2025 تا حوزەیرانی 2026، تەنیا یەکێک لەو قەوارانە، بە ناوی "ودجا 346428"، بڕێکی زۆر سووتەمەنیی مووشەک، تەقەمەنی و پێکهاتەی پێویست بۆ دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هاوردە کردووە، جگە لە کامیۆنی قورس کە دەتوانرێت وەک سەکۆی هەڵدانی مووشەک بەکاربهێنرێت.
ئەم کەرەستانە بە ڕێگای وشکانیی، دەریا و ئاسمانەوە گەیشتوونەتە ئێران و بەشێکی زۆریان لە چین، ڕووسیا و ئەڵمانیاوە هاتوون. تۆمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەم قەوارانە لە ساڵی 2013دا دامەزراون، لە کاتێکدا ئێران ڕووبەڕووی سزای ئابووریی و دابەزینی هەناردەی نەوت و داڕمانی دراوەکەی بووەتەوە.
ئەم تۆڕە لە ڕێگەی کەسانی وەهمیی و کۆمپانیا ساختە بیانییەکانەوە کار دەکات. ئەو کەسانەی بە "ئەمینەکان" ناسراون، داهاتی فرۆشتنی نایاسایی نەوت بەکار دەهێنن بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی، کە 97%ی مامەڵەکانی بارە هاوردەکراوەکانیش، بەپێی داتاکانی ڕۆیتەرز، بەبێ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی پارە چارەسەر کراون؛ واتە ناوبژیوانانی ئێرانیی نیشتەجێی دەرەوە، بە پارەی دانراو لە بانکە بیانییەکانەوە کەرەستەکان دەکڕن و دواتر بۆ ئێران دەنێرن.
لە نێو ئەو کەرەستانەدا، کەبسوولەی تەقینەوە بە بەهای 1.9 ملیۆن دۆلار، چەندین تۆن تەقەمەنی، پارچەی بزوێنەری فڕۆکە، پێکهاتەی سووتەمەنیی مووشەک و ئۆتۆمبێلی قورس هەن.
شارەزایانی چەک و سزاکان دەڵێن ئەم کەرەستانە دەتوانن لە دروستکردن و هەڵدانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەوانە فڕۆکەکانی "شاهد"،دا بەکاربهێنرێن.
میاد مالکی، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی داراییی ئەمریکا، ئەم تۆڕەی بە شادەماری ژیانی سەربازیی ڕژێمی ئێران و سیستەمێکی بازرگانیی دەرەکیی هاوتەریب لەگەڵ ئابووریی جیهانیی فەرمی وەسف کردووە.
لێکۆڵینەوەکە هەروەک ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای سزاکانی چەندین ساڵەی ئەمریکا بەرانبەر بە سوپای ئێران، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەو قەوارانە لە لیستی سزاکانی ڕۆژئاوا تۆمار کرابن.