شارپرێس:
ئەندامێكی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە كۆنفرانسی "ژن پێكەوە لەسەر ئایندە دەدوێن" لە ئەنكەرە زانیاری لەبارەی شوێنە نوێیەكەی عەبدوڵا ئۆجالان ئاشكراكرد.
پەروین بوڵدان دەڵێت "ڕێبەر ئاپۆیان لە زیندان نەهێناوەتە دەرەوە، بەڵكوو بەشە نوێیەكەش لە ناو سنوورەكانی زیندانی ئیمراڵیدایە".
دەشڵێت "ئەم شوێنە نوێیە بەشێكە لە زیندان و لە دەرەوەی زیندان نییە؛ لە ناو زیندانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوێ. ئەگەر مرۆڤ پێی بڵێت تەنیا شوێنێكە كە مەرجەكانی كاركردنی تێدا ئامادە كراوە، ڕاستتر دەبێت. با ئەمەش بڵێین؛ پرسی پێگە بابەتێك نییە كە تەنیا بە گواستنەوەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئەو شوێنە كۆتایی بێت. بەڕێز ئۆجالان ئێستا چاوەڕوانە وەك ڕێكخەریی دەستەی ئاشتی و سیاسیبوون كار بكات".
هەروەها بوڵدان ڕونیكردەوە " ئۆجالان وتی من دەمەوێت وەك ڕێكخەری ئاشتی و سیاسیبوون هاوكاریی ئەم پرۆسەیە بكەم، بەڵام ئەم پێناسەیە هێشتا نەكراوە. باخچەلی كاتێك ئەم پرۆسەیەی دەستپێكرد باسی لە مافی هیوا كرد، بەڵام ئێستا هیچ قسەیەك لەسەر مافی هیوا ناكرێت. باخچەلی هەروەها لە سەرەتای پرۆسەكەدا وتی با ئۆجالان بێت لەسەر كورسیی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بكات، ئێستا ئەمەش بە چاولێكەریش باسی لێوە ناكرێت."
