توركیا لەڕێگەی سیستمە ڕۆبۆتییەکانەوە پارێزراوترین یەکەکانی سوپای ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ستراتیژیی جەنگی دەریایی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست شایەتی گۆڕانکارییەکی تەکنەلۆژیی بێوێنەیە، پاشئەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان پەردەیان لەسەر دەستکەوتێکی گه‌وره‌و گرنگى تورکیا لادا کە بەتەواوی ئاسایشی بەهادارترین‌و نهێنیترین بەشەکانی سوپای ئیسرائیلی خستوەتە ژێر مەترسییەوە، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل، مانۆڕە دەریاییە مەزنەکانی تورکیا کە لەژێر ناوی (گورگی دەریا 2026) بەڕێوەچوو، سەلماندی کە ئەنكەرە ڕێگه‌یەکی ڕۆبۆتیی زۆر هەرزانی دۆزیوەتەوە بۆ ڕاوکردنی ژێردەریاییە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل (لەوانەش ژێردەریایی نوێی ئاحی دراکۆن‌و بەلەمەکانی جۆری دۆلفین)، کە تەواوی هێزیان تەنها لەسەر بنەمای بێدەنگیی ڕەها لەقوڵایی ئاودا بونیادنراوە.


لەناو جەرگەی مانۆڕەکەدا کە 100 یەکەی دەریایی‌و 14 هەزار سەرباز تێیدا بەشداربون، کەشتیی هێرشبەری دۆزەخیی (ئەنادۆڵو) پاشئەوەی ئەمریکا فڕۆکەکانی F-35Bی لێ قەدەغەکرد، کرا بەپێگەی سەرەکیی فڕینی درۆنە دەریاییه‌کانی جۆری (Bayraktar TB3)، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هەرزانە کە باڵەکانی دەچەمێندرێنەوەو زیاتر لەڕۆژێک لەئاسماندا دەمێنێتەوە، لەکاتی فڕینیدا (مایکرۆفۆنی دەریایی تایبەت بەپشکنین ـ سۆناری)ی خستە ناو قوڵایی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوەو لەڕێگەی حاسیبەیەکی زیرەکی ناوخۆییەوە، لەرەلەرە دەنگییەکانی ژێردەریاییەکانی لەهەمان چرکەدا شیکردەوەو پێگەی فیزیکیه‌كانى بۆ کەشتییە جەنگییەکان ئاشکراکرد.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ناوه‌ڕۆکی ئەم دەستکەوتە لەسەر بنەمای (ناڕێکخستنی هاوسەنگیی ئابوریی) بونیادنراوە؛ ڕێک وەک چۆن درۆنە هەرزانەکان تانکە قورسەکانیان لەسەر وشکانی پەکخست، تورکیاش سیستمێکی هەستەوەری ئاسمانیی کەم تێچوی دروستکردوە دژ بەژێردەریاییە گرانبەهاکان، هەرچەندە فڕۆکەی TB3 بەهۆی سنورداریی کێشەکەیەوە (280 کیلۆگرام) خۆی هێرشی ڕاستەوخۆ بەتۆرپیدۆ (درۆنی ژێر ئاوی) ئەنجامنادات، بەڵام ڕۆڵی ئەو وەک (گوێی ڕۆبۆتیی ئاسمانە)؛ هەر کە نیشانەیەکی گوماناوی تۆمارکرد، دەستبەجێ زانیارییەکان دەگوازرێنەوە بۆ کەشتییە جەنگییەکان تا بازنەی لەناوبردنی ئامانجەکە تەواو بکەن.

بۆ تێگەیشتن لەتەواوی هێزی ئاگری ئەم تۆڕە، تورکیا پێشترو لەمانگی حوزەیراندا یەکەم تۆرپیدۆی قورسی ناوخۆیی بەناوی (AKYA) لەژێردەریایی ساکاریاوە تاقیکردەوە کە توانیی بەدروستکردنی شەپۆلێکی شۆککەر لەژێر سکی کەشتیی ئامانج، پەیکەرە پۆڵاینییەکەی بکات بەدوو کەرتەوە، هاوشانی هاویشتنی موشەکی کروزی دەریایی (ATMACA) کە ئامانجەکەی لەدوریی 102 کیلۆمەترەوە پێکا.

چاودێران جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئاژانس‌و ناوەندە سەربازییەکانی ناوچەکە، مانۆڕی تورکیا سەلماندی کە قوڵایی دەریاکان چیتر حەشارگەیەکی ئارام نین بۆ ئیسرائیل؛ چونکە گۆڕانی جەنگی دەریایی نەریتی بۆ تۆڕێکی بەیەکەوەبەستراوی تەکنەلۆژی، وادەکات کەرەستە ڕۆبۆتیە هەرزانەکانی ئاسمان بتوانن گەورەترین‌و پارێزراوترین یەکەکانی سوپا توشی داڕمان بکەن.