شارپرێس:
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق زانیاریى گرنگ لهبارهى پڕۆژەی ڕێگهی گەشەپێدان
لهعێراق ئاشكرادهكاتو وتهبێژى وهزارهتهكهش ڕایدهگهیهنێت، "پڕۆژەكه
نیشتمانییهو گرنگیهكى زۆرى بۆ ئاسایشی ئابوریی عێراق ههیه"، دهشڵێت،
"ئەم ڕێگهیە ماوەی گەشتکردن بەرەو ئەوروپا لهعێراقهوه بەنزیکەی 11 ڕۆژ
کورتدەکاتەوە".
عەلی خالیدی وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق وتویهتى،
"پڕۆژەکە لەبەندەری فاو، بەندەری گەورەوە دەستپێدەکاتو تێیدا ڕێڕەوێکی گشتگیر
بۆ گواستنەوەی وشکانی، هێڵی ئاسن (شەمەندەفەر)و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان دادەمەزرێنێت
کە عێراق بەتورکیاو لەوێشەوە بەبازاڕەکانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە".
وتیشی، "ئەم هەنگاوە هاوتایە لەگەڵ نوێکردنەوەی تۆڕی هێڵی ئاسنی
ئێستاو ڕاکێشانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان لەپێناو بەرزکردنەوەی متمانەی
بازاڕو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بهگوێرهى پێوەرە جیهانییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە گرنگیپێدانی حکومەت بەپڕۆژەکە بۆ بونیادنانی سیستمێکی
ئابوریی درێژخایەنە کە سەرچاوەکانی داهاتی عێراق هەمەجۆر بکات، کاراکردنەوەی لێکتێگەیشتنەکانی
ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی چوارقۆڵی (عێراق، تورکیا، قەتەرو ئیمارات)یش لایەنێکی گرنگی
پاڵپشتیی پڕۆژەکەیە، لەگەڵ هەبونی پێشنیازێک بۆ هێنانەناوەی سعودیە بۆ ناو ئەنجومەنەکە.
سەبارەت بەڕێڕەوەکانیش، خالیدی بهشهفهق نیوزى وتوه، "دیزاینەکە
بەجۆرێک کراوە کە بەدەوروبەری شارەکانو ناوچە کراوەکاندا تێپەڕێت تاوهكو تێپەڕبون
بەناوچە قەرەباڵغەکاندا کەمبکاتەوە؛ بەشێوەیەک ڕێڕەوە وشکانییەکە لەناوچەی تونێلی
ژێر دەریاو ئوم قەسرەوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای موسەنا دەڕوات، ئەمەش دەرفەت
بۆ دروستکردنی شاری پیشەسازییو پڕۆژەی نەوتیو نیشتەجێبون لەسەر زەوییە بەکارنەهێنراوەکانی
حکومەت واڵا دەکات".
ئهوهشى وتوه، "هاوكات ڕێڕەوی هێڵی ئاسنەکە لەبەندەری فاو لەبەسرەوە
دەستپێدەکات بەرەو (ناسریە، موسەنا، دیوانیە، نەجەفو کەربەلا)، پاشان بەدەوروبەری
بەغدادا بەرەو (سامەڕا، تکریتو موسڵ) دەڕوات تا دەگاتە فیشخابورو لەوێشەوە دەچێتە
ناوخاکی تورکیاوە".
سهبارهت بهتایبەتمەندییە تەکنیکییەکانیش، ئاشکرایکردوه، "خێرایی
شەمەندەفەری گەشتیاران دەگاتە 300 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، خێرایی شەمەندەفەری کەلوپەلی
بازرگانی 140 کیلۆمەتر دەبێت؛ پڕۆژەکە 15 وێستگەی گەشتیاران، 12 وێستگەی کەلوپەل،
15 وێستگەی پشوو و شهش کۆمەڵگەی کارگێڕیی (کە خزمەتگوزاریی فریاکەوتن، هاتوچۆ،
ئاگرکوژاندنەوەو چاککردنەوە لەخۆدەگرێت)، لەپاڵ سێ کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی گەورە لە(بەسرە،
بەغداو موسڵ) لەخۆدەگرێت".
خالیدی جەختیکردەوە، ڕێژەی جێبەجێکردنی دیزاینی هێڵی ئاسنەکە 95٪ی تێپەڕاندوەو
ڕێگهی خێرا-ش 92٪ی بڕیوە، بەئامانجی کۆتاییهاتنی تەواوی دیزاینە سەرەتاییو وردەکارییەکان
تاکۆتایی ئەمساڵ (2026)، ئەمەش لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی وەزیری گواستنەوە، وەهب حەسەنیدا
بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بەسودە کاتییەکەشی، ڕونیکردەوە، "ماوەی گواستنەوە لەڕێگەی
گەشەپێدانەوە 25 ڕۆژە، لەکاتێکدا لەڕێگەی نۆکەندی سوێسەوە 36 ڕۆژەو لەڕێگەی کەیپی
هیوا (رأس الرجاء الصالح)وه 46 ڕۆژە؛ ئەمەش واتە کورتکردنەوەی 11 ڕۆژ بەبەراورد بەنۆکەندی
سوێسو 21 ڕۆژ بەبەراورد بەکەیپی هیوا، لایەنی تورکیش گرنگییەکی زۆر بەپڕۆژەکە دەداتو
قۆناغی یەکەم کە لەساڵی 2033 کۆتایی دێت، بەستنەوەی ڕێگهکە بەخاکی تورکیاوە مسۆگەردەکات".
لەنیسانی 2024دا، (عێراق، تورکیا، ئیماراتو قەتەر) لەژێر چاودێریی
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئهوكاتى عێراقو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری
تورکیا، ڕێککەوتننامەی چوارقۆڵییان بۆ ئەو پڕۆژەیە واژۆکرد، پڕۆژەکە درێژییەکەی ههزارو
200 کیلۆمەترە لەناوخاکی عێراقدا، تێچوەکەشی دەگاتە 17 ملیار دۆلار (605 ملیار بۆ ڕێگهی
خێراو 10.5 ملیار بۆ شەمەندەفەری کارەبایی)، پێشبینیشدەکرێت، لەقۆناغی یەکەمدا 100
هەزار هەلی کارو لەکاتی کۆتاییهاتنیدا یەک ملیۆن هەلی کار بۆ گەنجان دابین بکات.
