له‌ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ هێرشێكى توند ده‌كرێته‌سه‌ر تۆم باراک‌و به‌ئەندازیاری کۆمەڵکوژییه‌كانى سوریا ناوده‌برێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای پێشوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشی توندیکردەسەر نێردراوی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریاو عێراق‌و بەلادان لەنەریتی دیپلۆماسی‌و ئەنجامدانی تاوان تۆمەتباریکرد، فەرهاد شامی لەپەیامێکی تونددا لەسەر سەکۆی ئێکس، تۆم باراکی بە، "ئەندازیاری پشت کۆمەڵکوژیی پێکهاتەکانی سوریا"، وەسفیکرد.


فەرهاد شامی بەڕێوەبەری پێشوی ڕاگەیاندنی هەسەدە لەپەیامەکەیدا ڕایگەیاندوە، تۆم باراک نوێنەرایەتی جۆرێک لەدیپلۆماسییەتی پیس دەکات کە لەسەر بنەمای هەڕەشە، ڕێککەوتنی گوماناوی‌و سەپاندنی فەرمانەکان بەزۆرهەوڵدان بونیاد نراوە.

جەختیكردوه‌ته‌وه‌، "ڕەفتارە مافیاییەکانی باراک لەئیدارەدانی دۆسیەی سوریاو یاریکردن بەچارەنوسی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وەک (کورد، عەلەوی‌و دروزەکان)، بۆ هەمیشە لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بەشاردراوەیی نامێننەوە".

بەڕێوەبەری پێشوی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردوە، "ڕۆژێک دێت تەواوی ڕاستییەکانی پشتپەردە، سروشتی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکان‌و ڕۆڵی نەرێنیی ئەم پیاوە ئەمریکییە لەقوڵکردنەوەی ململانێکان‌و ڕژانی خوێنی هاوڵاتیان لەسوریادا بەتەواوی بۆ ڕای گشتیی ئاشكراده‌بن".

شامی لەکۆتایی پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، "تاکە ڕێگه‌ بۆ گەیشتن بەداهاتویەکی ئارام ئەوەیە کە سورییەکان خۆیان لەکاریگەریی‌و ڕەفتارە خراپەکانی نێردراوی ئەمریکا بەدوربگرن، چونکە هەرچەندە لێی دوربن، ئەوەندە زیاتر بەرەو سەقامگیریی ڕاستەقینە هەنگاودەنێن".