بەلەمێکی نەخشێنراو بە ئاڵای کوردستانەوە؛ قاچاخچییەکان کەنارەکانی بەلجیکا بۆ کۆچکردن بەکاردێنن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، بەلەمێکی نوێیان بە ڕەنگ و هێمای ئاڵای کوردستانەوە لە کەناراوەکانی بەلجیکاوە خستە نێو ئاوەکانی کەناڵی ئینگلیز، ئەمەش شەپۆلێک ڕەخنەی توندی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیاوە دژ بە حکومەتی وڵاتەکەی لێکەوتوەتەوە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، ڕۆژی پێنجشەممە زیاتر لە ٢٠ کۆچبەر لەسەر بەلەمێک وێنەیان گیراوە لە کەناری (دی پان) لە بەلجیکا لەنزیک سنوری فەرەنسا، لە کاتێکدا ئەفسەرانی پۆلیسی بەلجیکا تەنها تەماشاکەر بون و هیچ هەوڵێکیان بۆ ڕێگری لە بەڕێکەوتنی بەلەمەکە نەداوە.

بەلەمەکە ڕەنگەکانی  سور، سپی، سەوز و هێمای خۆرە زەردەکەی ئاڵای کوردستانەوە ڕازێنراوەتەوە

لە وەڵامی ئەم ڕوداوەدا، کریس فیڵپی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا کە چاودێری کارەکانی وەزیری ناوخۆ دەکات و بە وەزیری سێبەر ناسراوە، ڕایگەیاند: "لە بری تێکشکاندنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی وەک چۆن پارتی لەیبەر بەڵێنی دابوو، ئێستا قاچاخچییە کوردەکان بە ئاشکرا بە بەلەمێکەوە کە بە ڕەنگی نیشتمانییان داپۆشراوە، بە ڕوی حکومەتدا پێدەکەنین."

فیڵپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئارامی دۆخی دەریا لە دوو هەفتەی داهاتودا، چاوەڕوان دەکرێت سەدان کۆچبەری دیکەی نایاسایی لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بپەڕێنەوە.

ناوبراو ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لەگەڵ فەرەنسا گرت و وتی: "ڕێککەوتنەکە شکستی هێناوە و دەسەڵاتدارانی ئەوبەری ئاوەکە تەنها وەستاون و تەماشا دەکەن کاتێک قاچاخچییەکان دەستکراوەن لە ڕەوانەکردنی بەلەمی گەورەتر."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەلەگراف کوردانی عێراق بە بەشێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ لە باکووری فەرەنسا ئەژمار دەکرێن.

لەم دواییانەدا بەهۆی تووندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لەسەر کەنارەکانی فەرەنسا، قاچاخچییەکان زیاتر کەناراوەکانی بەلجیکا بۆ بەڕێکردنی کۆچبەران بەرەو خاکی بەریتانیا بەکاردێنن