حزبوڵا ئامادەکاریی بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ دەکات و تەکتیکی شەڕ دەگۆڕێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە ئەمنییە ئاگادارەکانی لوبنان ئاشکرا کردووە کە حیزبوڵڵا ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل چڕتر دەکاتەوە؛ ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە پێیانوایە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست پێ بکات.

ئەم گرووپە چەکدارییە لە هەوڵی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە تاکتیکەکانی شەڕ و شێوازی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی لە باشووری لوبناندا، دوای ئەوەی پێکدادانەکانی دوایی سنوورداریی شاردنەوەی شەرکەر و جووڵە سەربازییەکانی لەبەردەم سیستەمە پێشکەوتووەکانی چاودێریی ئیسرائیلدا دەرخست.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، سوپای ئیسرائیل چیتر تەنیا پشت بە باڵادەستیی و هێزی ئاگرین نابەستێت، بەڵکو چاودێریی ئەمنیی پشتگیریکراو بە زیرەکیی دەستکرد لەگەڵ توانای بەئامانجگرتنی خێرای گرووپە بچووکەکان تێکەڵ دەکات؛ تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە شوێنی پێکدادان.

حیزبوڵڵا بۆ ئەم مەبەستە، لە بەرگریی جێگیر و شوێنە قایمکراوەکانەوە بەرەو بڵاوبوونەوەیەکی نەرمتر و لامەرکەزیتر دەچێت، لەگەڵ زیادکردنی پشتبەستن بە درۆنە خۆکوژیی و گرووپە سەربەخۆکان.

هەروەک، دەیەوێت پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان گرووپە مەیدانییەکان و فەرماندەکان کەم بکاتەوە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی دەستڕاگەیشتنی هەواڵگریی ئیسرائیل.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە کە ئیسرائیل سیستەمەکانی چاودێریی پەرەپێداوە، بە شێوەیەک کە درۆن، هەستەوەرە زەوییەکان و وێنە گەرمی و بینراوەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و سوود لە لۆگاریتمەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی جووڵەکان وەردەگرێت، ئەمەش دۆزینەوەی گرووپە بچووکەکانی حیزبوڵڵا، کە زۆرجار لە 3 تا 5 جەنگاوەر پێکدێن، ئاسانتر کردووە.

لە هەمان کاتدا، حیزبوڵڵا بەکارهێنانی درۆنە هێرشبەرەکان، لەوانە درۆنی ڕێنماییکراو بە ڕیشاڵی ئۆپتیکی، زیاد کردووە؛ بەڵام سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم ئامرازانەش لە دۆزینەوە و لێدان بە تەواوی پارێزراو نین و ناتوانن بە تەنیا هاوسەنگیی نابەرانبەری هێز بگۆڕن.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان دەڵێن وێرانکردنی گوندەکان و ژێرخانی ناوچەی حائل لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەشێکە لە هەوڵی گۆڕینی ژینگەی مەیدانییە کە حیزبوڵڵا لە مێژوودا بۆ شاردنەوەی جەنگاوەر و دامەزراوە سەربازییەکانی سوودی لێ وەرگرتووە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئاڵنگاریی گەورەی حیزبوڵڵا لە شەڕی داهاتوودا تەنیا دابینکردنەوەی چەک نییە، بەڵکو دۆزینەوەی شێوازێکی شەڕکردنە کە بتوانێت لەبەرانبەر سیستەمێکی ئیسرائیلیی تێکەڵکەری چاودێری، هەواڵگری و هێزی ئاگرین خۆی ڕابگرێت.

  ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی