شارپرێس:
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە عێراق و سوریا، ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتیكردەوە كە سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە دیپلۆماسی و هاوكاری ناوچەیی هەیە لەبری بەردەوامی شەڕەكان.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سی ئێن ئێن باراك ڕایگەیاند كە كاردانەوەی ڕووداوەكانی ٧ی ئۆكتۆبەر پێویستی بە ڕێكخستنەوەی سنوورەكانی ئیسرائیل بووە. جەختیشی كردەوە كە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی ناوچەكە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێڕەوی دیپلۆماسی بێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كێیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتانی ناوچەكە گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە هاوكاری هاوبەش پێویستییە.
هەروەها تۆم باراك باسی لە بارودۆخی سوریا و عێراق كرد و ڕونیكردەوە عێراق خاوەنی بنكەیەكی گەورەی داهاتی نەوتە كە ڕێگەی پێدەدات وەبەرهێنان ڕابكێشێت، بە پێچەوانەی سوریا كە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاوی ئابوری و وەبەرهێنان دەبێتەوە.
ڕوونیشیكردەوە كە سوریا لە ئێستادا داهاتی دارایی پێویستی نییە و سیستەمێكی بانكی سەقامگیری نییە، ئەمە جگە لە سنوورداركردنی بەردەوامی هەناردەكردن و نەبوونی گەرەنتی ئەمنی. ئەمەش وا دەكات كە ڕاكێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە كۆمپانیا گەورەكانی وزەی ئەمریكی و ڕۆژئاوایی، ئەركێكی قورس بێت و پێویستی بە هەوڵی درێژخایەن هەیە.
باراك ستایشی ئەو پاڵپشتییەی دەوڵەتانی كەنداو لەوان سعودییە و قەتەر و ئیماراتی كرد بۆ بەشداریكردن لە سەقامگیری لە سوریا، دەستخۆشی لە سەركردایەتی ئێستای سوریا كرد كە خۆیان لە پەرەسەندنی وەڵامدانەوە سەربازییەكان بەدوور گرتووە لە بەرامبەر دەستدرێژییە دووبارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر سنوورەكان.
ناوبراو ڕەتیكردەوە كە ئامانجەكانی ئیدارەی ترەمپ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆی بووبێت و جەختی لەوە كردەوە كە واشنتۆن هەوڵدەدات ڕێگاكان بۆ سووككردنی سنوورداركردنی بازرگانی و بانكی بە شێوەیەك بكاتەوە كە پاڵپشتی سەقامگیری ئابوری و سیاسی لە ناوچەكەدا بكات.
